سپای پاسداران، سنووری هەورامانی بە سەر کۆڵبەران داخست

16:14 - 6 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئێران جێگیر لە سنووری هەورامان، ئەو سنوورەی بە ڕووی کۆڵبەران داخست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەتای ئەم حەوتوویە، هێزەکانی سپای پاسداران لە هەوڵێکدا سنووری هەورامانیان لە سەر کۆڵبەرەکان داخست و کۆڵبەرانیان خستە ژێر گەمارۆی خۆیانەوە.

ئەم هەوڵەی سپای پاسداران ناڕەزایەتی زۆری کۆڵبەرانی ناوچەی هەورامانی لێ کەووتەوە و بە وتەی کۆڵبەران لە ماوەی ڕابردوودا، ئازار و ئەشکەنجەی کۆڵبەران لە لایەن هێزە نیزامییەکانەوە زۆرتر بووە.

کۆڵبەر بە چین و توێژە کەم‌داهاتەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەگوترێت، کە لە ناوچە سنووریەکاندا خەریکی کۆڵکێشین.

ئەم توێژە زەحمەتکێشە بە هۆی هەژاری و دەستکورتی بۆ دابین کردنی بژیوی بنەماڵەکەیان ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان دەکەن.

بەهۆی نەبوونی ژێرخانی ئابووری و سەرمایەدانانی حکوومەتیی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران، هاووڵاتییانی کورد بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانیان ڕوو لە کۆڵبەری و کاسبی کردنی سەرسنوورەکان دەکەن و زۆر جاریش بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.

بەپێی ئاماری کوردپا، ١٥٤ کۆڵبەر لە ساڵی ڕابردوو، لە ڕووداوەکانی تەقەکردن، تەقینەوەی مین، سەرما و بەربوونەوە و ..... کوژراو یان بریندار بوونە.