سپای پاسداران خاکە بەپیتەکەی چەپەرئاوێی شنۆ تاڵان دەکات

15:21 - 28 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران گەڵاڵەی بردنی خاک بەپیتەکەی گوندی چەپەرئاوێی شاری شنۆی دەست پێ کردووە، کە ئەم کارەی سپای پاسداران ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەو گوندەی بە دواوە بووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سپای پاسداران دەستی بە بردنی خاکی بەپیتی گوندی چەپەرئاوێی شاری شنۆ کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: سپای پاسداران بە شێوەی نایاسایی دەستی بە بردنی خاکی بەپیتی ئەو گوندە کردووە و دەیفرۆشێت.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، پانتایی خاکی بەپیتی گوندی چەپەرئاوێی شاری شنۆی ١٦ هێکتار مەزەندە کردووە، کە لە لایەن سپای پاسدارانەوە دەبرێت و هەناردە دەکرێت.

هاووڵاتییانی شاری شنۆ، ئەم هەوڵەی سپای پاسداران بە \"بەتاڵانبردنی سەرچاوە سروشتییەکانـ\"ـی ئەو ناوچەیە دەزانن و بە نیسبەت ئەو کارە ناڕازین.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، ڕێکخراوی سنعەت، کان و تیجارەتی پارێزگای ورمێ، چەندین جار خاکی بەپیتی گوندی چەپەرئاوێی شاری شنۆی بۆ فرۆش لە موزایەدە داناوە.