سپای پاسداران تەقەی لە هاووڵاتییەکی کورد کردووە

21:30 - 24 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، لەلایەن هەنگی سنووریی سپای پاسدارانەوە تەقەی لێ کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو، ٢٣ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، کەوتە بۆسەی هێزە چەکدارەکانی سپای پاسدارانەوە.

ناسنامەی ئەو کەسە سڤیلە، ڕەزا ئایینی، لە دانیشتووانی گوندی \"\"چریک‌آباد\"ی سیلوانا ڕاگەیندراوە.

لە ڕاپۆرتی گەیشتوودا هاتووە، ناوبراو دوو گوللەی بەر لەگەن و زگی کەوتووە و بە توندی بریندار کراوە، و ئێستا لە نەخۆشخانەی \"خومەینی\"ـی ورمێ لە کۆمادایە.
لەدرێژەی ڕاپۆرتەکەدا، باس لەوە کراوە کە ڕەزا هیچ چەشنە کەلوپەل و بارێکی پێ نەبووە و تەنیا وەک کەسێکی ئاسایی سەردانی خزم و کەسی لەو ناوچەیە کردووە.

هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە ناوچەکانی کوردستان، بە بیانووی \" مأموریت مرزبانی\" خەڵکی سڤیل دەدەنە بەر دەستڕێژی گوللە و زۆرجاریش گیان لەدەستدانی هاووڵاتییانی کوردی لێ دەکەوێتەوە.