سپای پاسداران بە پەهپاد کوێستانی \"کۆدۆ\"ی بوردوومان کرد

20:03 - 8 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران کوێستانی \"کۆدۆ\" لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و کوردستانی ئێرانی بە کەڵوەرگرتن لە پەهپاد بوردوومان کرد.

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بڵاوی کردووەتەوە ڕایگەیاندووە: \"لەدرێژەی کردەوە دژه مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی و پاش مووشەکبارانی ۱۷ی خەرمانانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە شاری کۆیە، ئەمڕۆ ۸ی ڕەزبەری ۱۳۹۷ی هەتاوی کاتژمێر ۱۲ی نیوەڕۆ، کۆماری ئیسلامی لەڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە، کوێستانی کۆدۆی بوردوومان کرد.

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەو ڕاگەیەندراوەدا هەروەها دەڵێت: \"لەو بوردوومان کردنەدا، وێڕای زیانێکی زۆر بە ژینگەی ناوچەکە، بەداخەوە، پێشمەرگەیەک بە سووکی بریندار بوو.\"

ڕۆژی شەممە، ١٧ی خەرمانان، بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە شاری کۆیە لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان، لە لایەن سپای پاسدارانەوە مووشەکباران کرا، کە لەو مووشەکبارانەدا، ١٦ کادر و پێشمەرگەی حیزب کوژران و ٤٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانان، خەڵکی کوردستان بەپیر بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە هاتن، کە داوایان کردبوو بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرانبەر ئێعدامی سێ زیندانیی سیاسیی کورد و مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات مانگرتنی گشتی بەڕێوە ببەن، کە خەڵکی کوردستان دوای داخستنی سەرجەم دووکان و بازاڕەکانی کوردستان ڕووبەڕووی کاردانەوەی توندی هێزەکانی ئیلاعات بوونەوە.