سپاسنامە/ خەڵكی رۆژهەڵات سەبارەت بە پرسی نەتەوەیی دژكردەوەی خۆی دەبێت

14:26 - 3 بەفرانبار 2714
ئاژانسی كوردپا: ژمارەیەك لە چالاكانی سیاسیی و خوێندكاریی كورد لەكوردستانی ئێران كە كەمپەینی \"ئەمڕۆ ورمێ دڵی كوردستانە\"‌یان وەرێ‌خستووە، سەبارەت بە مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی لە گرتووخانەی ورمێ‌و بە هاناوە هاتنی خەڵكی كوردستان بۆ مانگرتنی گشتیی، بەیاننامەیەكیان بڵاو كردەوە.

لەبەشێكی بەیاننامەكەدا هاتووە: ئێمە سپاسی ئەو خەڵكە دەكەین كە پرسی مانگرتنی زیندانیانی سیاسی بەندیخانەی \"ورمێ\"‌یان لە شەوی یەڵدادا کرد بە شەوچەرەی ماڵەکان و رۆژی یەکی بەفرانبار شەقامەکانتان چۆڵ کرد، ئەوە مزگێنییەکی گەورەیە بۆ سەرهەڵدانەوەمان و ئاسۆیەکی گەشتر.

دەقی بەیاننامەکە کە نوسخەیەکی بە ئاژانسی کوردپا گەیشتووە بە چەشنەیە:

سپاس و پێزانین

هاونیشتیمانیانی قارەمان و بەهەڵوێست!

کۆمەڵانی خۆڕاگر و بەشەڕەفی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!


لە ناخی دڵەوە سڵاوێکی گەرم و شۆڕشگێڕانەتان لێ بێت،
سپاس و پێزانین بۆ ئێوە کە سەرەڕای زەبروزەنگ و کەش‌وهەوای دیکتاتۆری زاڵ بە سەر کوردستانی ئێراندا و سەرەڕای دەیان کێشە و گرفتی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئابووری، بە دەنگ بانگەوازی چالاکڤانانی سیاسی و مەدەنی کوردستانەوە هاتن کە ئەمە لە خەباتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتدا مایەی شانازییە هەر بۆیەش دەستی ڕێز بۆ ئێوەی هێژا و بەهەڵویست بە سینگمانەوە دەنێین. دیارە نکۆڵی لەوە ناکەین کە ئەگەر هەندێک لایەن بە هۆی چەند هۆکارێکەوە بۆیان نەلوابێت بە دەنگمانەوە بێن، بەڵام هەر ئەوەندەی کە پرسی مانگرتنی زیندانیانی سیاسی بەندیخانەی ورمێ لە شەوی یەڵدادا بوو بە شەوچەرەی ماڵەکانتان و ڕۆژی یەکی بەفرانبار شەقامەکانتان چۆڵ کرد، مزگێنییەکی گەورەیە بۆ سەرهەڵدانەوەمان و ئاسۆیەکی گەشتر. ئێوە سەلماندتان کە خەڵکی ڕۆژهەڵات، سەبارەت بە پرسی پەیوەندیدار بە نەتەوەی خۆی خەسیو نییە و دژکردەوەی خۆی دەبێت.

ئەوەی کە ئێمە وەک دەسکەوت سەیری دەکەین، چەشنێ لێک نیزیک کردنەوەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و حیزبەکان و چالاکانی سیاسی، مەدەنی بوو، لە هەمان کاتیشدا گۆمی مەندی بێدەنگی شەقامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شڵەقا و هەژا. هەرچەند پێمان وایە بۆ گەیشتن بە هاوئاهەنگییەکی تۆکمەتر، گەلێ کۆسپمان لەبەر دەمە. ئەوەی گرینگە ئیرادەیەکە کە دەیهەوێ ئەم ترسە مێژوویی‌یە بڕەوێنێ. ئێمە لامان وایە کە لەم بانگەوازییەدا ئەگەر سەرجەم حیزب و لایەنەکان پشتیوانی و پاڵپشتییەکی ڕاستەوخۆیان لێکردباین و کارێکی میدیایی گونجاوتر کرابا، بێگومان ئاکامی مانگرتنەکە چەند قات بەرزتر دەبۆوە. لەگەڵ ئەوەشدا سپاسی میدیاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دیموکراتی کوردستان و کاناڵی ڕووداو دەکەین و ڕێزیشمان هەیە بۆ کاناڵی ڕۆژهەڵاتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و بڕیاری پشتیوانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و بە گشتی سەرجەم ئەو کەسایەتی و لایەنانەی کە بەم مژارەوە ماندوو بوون و هاوڕێمان بوون. جێگەی خۆیەتی کە هەوڵی کوردانی نیشتەجێی ئورووپاش لە یاد نەکەین، هەرچەند چاوەڕوانی ئەوە دەکرا کە چالاکییەکانیان لەوەی کە هەبوو بەربڵاوتر بوایە.

هاونیشتیمانیانی هێژا!

دەنگی خۆڕاگری قارەمانانە و مانگرتنی ٢٧ زیندانی سیاسی کورد بە هۆی سەرجەم خەمخۆرانی ئەم پرسە، سنوورەکانی ئێرانی بەزاند و گەیشتە زۆربەی هەرەزۆری ڕێکخراوە ناونەتەوەیی‌یەکانی مافی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان و بێگومان چۆکی بە ملهوڕی کۆماری ئیسلامی دادا و ناچار بوو پێمل بێ بە خواستە ڕەواکانی زیندانیانی سیاسی کورد.

لە کۆتاییدا ئێمە وێڕای پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنە لە زیندانیانی سیاسی بە ورە و هەڵوێست و هەروەها سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، حیزبە سیاسییەکان، ڕۆژنامەوانان و چالاکڤانانی سیاسی، مەدەنی و خوێندکاری، ئەو دەسکەوتە بە دەسکەوتێکی مەزنی نەتەوەیی دەزانین کە بەرهەمی خەباتی هەر هەموومانە.

چالاکڤانانی سیاسی و مەدەنی و خوێندکاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان
(ئەمڕۆ ورمێ دڵی کوردستانە)

٢ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی