سوپای پاسداران لەنزیک گوندێکی ناوچەی شنۆ مەیدانی تیرهاوێژی دروست دەکات

16:02 - 3 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بەبێ پرسی خەڵک و لەبەر چاو گرتنی ئەمنیەتی گیانیی هاووڵاتییان، لە نزیک ئاواییەکی ناوچەی شنۆ مەیدانی تیرهاوێژی دروست دەکات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بەوتەی هاووڵاتییانی ناوچەی شنۆ؛ لە نزیک گوندی \"گردکاشان\"ی سەربە شاری شنۆ، هێزەکانی سوپای پاسداران رووبەرێک لە لەوەڕگەی ئەو گوندەیان داگیر کردووە و بڕیارە مەیدانێکی تایبەت بە تیرهاوێژی لێ دروست بکەن.

یەکێک لە هاووڵاتییانی ئەو گوندە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ لە رۆژانی رابردوودا، شۆرا و چەند کەس لە هاووڵاتییان خەڵکی گردکاشان بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەو کارەی سوپای پاسداران سەردانی ئیدارەی جەنگەڵبانیی شاری شنۆیان کردووە، بەڵام هیچ وەڵامێکیان پێنەدراوەتەوە.

\"18449.jpg\"
ئەو هاووڵاتییە گوتیشی؛ دروست کردنی مەیدانی تیرهاوێژی لە نزیک گوندی گردکاشان لە کاتێک دایە، جگە لەوەی شوێنی تیرهاوێژییەکە پەرچە مەڕ و لەوەڕگەی گوندەکەیە، رەز و باخاتی هاووڵاتییانیش لەو شوێنە نزیکە و ئەمەش ترسێکی یەکجار زۆری لای هاووڵاتییان دروست کردووە.

سەرچاوەکە دەشڵێت: سوپای پاسداران رایگەیاندووە؛ کەلە رۆژانی داهاتوودا لە گۆڕی کەندەباس، کە شوێنی دروست کردنی ئەو مەیدانە تیرهاوێژیەیە، راهێنانی تیرهاوێژی ئەنجام ئەدات.

هەمان سەرچاوە کە نەیویست ناوی ئشکرا بکرێت، گوتیشی؛ پێشتریش شارەوانیی شاری شنۆ بەبێ پرس کردن بە خەڵکی گوندی گردکاشان زبڵ و پاشماوەی ئەو شارەیان لە نزیک ئەم گوندە فڕی ئەدا، کە لەگەڵ نارەزایەتیی تێکڕای دانێشتوانی گوندی گردکاشان بەرەوڕوو بوویەوە.