سووکایەتی کردن بە ژنێک لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج

17:20 - 28 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: ژنێک لە نێو زیندانی رەجایی شاری کەرەج لەلایەن مەئموورانی ئەمنیەتیی ئەو زیندانەوە بەرەوڕووی لێدان و بێ‌حورمەتی کردن بوویەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە \"زیندانی رەجایی شاری کەرج\"ەوە، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٤ی بانەمەڕ ژنێک لەلایەن مەئموورانی ئەمنیەتیی ئەو زیندانەوە بەرەوڕووی لێدان و سووکایەتی پێ‌کردن بوویەوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هەبوونی ئەو ژنە لەو زیندانی رەجایی شاری کەرەج لە حاڵێک دایە کە لە ٢ ساڵ پێش ئێستاوە ئەو زیندانە، بەندی تایبەت بە زیندانیانی ژنی تێدا نەماوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ژنە زیندانییە بە دەنگی بەرز گوتوویەتی \" من بۆ کوێ دەبەن و بۆ وام لێ‌دەکەن و هاوکات داوای یارمەتیشی کردووە\".

لەلایەکی دیکەوە \"مستەفا نیلی\"، لەلایەن مەئموورانی ئەمنیەتی زیندانی رەجایی شاری کەرەجەوە بە مەرجی لێدانی دەستبەند و پاوەن لە دەست و لاقی، ئێزنی بەشداری کردنی لە پرسە و سەرەخۆشیی باوکیدا پێ دراوە.

چەند رۆژ پێش ئێستا \"مستەفا نیلی\" زیندانیی سیاسی کە لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج راگیراوە، بەمەبەستی بەشداری کردن لە رێوڕەسمی سەرخۆشیی باوکیدا، داوای مەرەخەسی کردبوو، بەڵام مەئموورانی ئەمنیەتی بەو زیندانییەیان راگەیاندووە، تەنیا بە دەستبەند و پاوەن و بە ئامادەبوونی مەئمووری تایبەتیی زیندانەوە ئیزنی بەشداری کردنی لە رێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشیی باوکیدا هەیە.

سەرچاوەیەک لە نێو زیندانی رەجایی شاری کەرەجەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند\" مستەفا نیلی بەهۆیەوە لە بەشداری کردن لە رێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشیی باوکیدا خۆی بواردووە.

مستەفا نیلی چالاکی خوێندکاریی زانکۆی قەزوێن لە رێکەوتی ٥ی رێبەندانی ١٣٨٨ دەستبەسەر کرا و پاش ٤٠ رۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و دواتر لەلایەن دادگای ئینقلابی تارانەوە بە تاوانی هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی بە ٣ ساڵ و نیو مەحکووم کرا.

ناوبراو رێکەوتی ٢٧ پووشپەڕی ساڵی ١٣٨٩ پاش بانگهێشت بۆ دادگای زیندانی \"ئێڤین\" دەستبەسەر و رەوانەی زیندان کرا و هەنووکە لە زیندنای رەجایی شاری کەرەج ماوەی حوکمەکەی تێپەر دەکات.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشدا، هەتا ئێستا چەندین زیندانی سیاسی تەنیا بە لێدانی دەستبەند و پاوەن ئێزنی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان پێ دراوە، بۆیە سەرجەم ئەو زیندانیانە لە چاوپێکەوتن بە بنەماڵەکانیان خۆیان بواردووە.