سووتانی بەرهەمی ساڵانەی وەرزێـڕانی ناوچەی تیکاب

22:49 - 27 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: بەشێک لە بەرهەمی ساڵانەی وەرزێـڕانی ناوچەی تیکاب لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لە ئاگردا سووتان.

یەکێک لە ماڵپەڕە ناوچەییەکانی شاری تیکاب لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٦ پووشپەڕ زیاتر لە ٣ هێکتار \"گەنم\"ی وەرزێـڕانی کورد لە ناوچەی تیکاب، لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەیەدا لەناوچوو.

دەگوترێت ئەو ئاگرکەوتنەوەیە بەهۆی کەمتەرخەمیی یەکێک لە وەرزیرانی ئەو ناوچەیەوە رووی داوە کە پاش ٣ کاتژمێر لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئاگرکوژێنەوەی شاری \"تیکاب\"ـەوەکۆنتڕۆڵ کراوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٢٥ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەی ناوچە کوردنشیەنکانی ئێـــراندا تۆمار کراوە.

بەپێی ئەو ئامارە ناوچەکانی مەریوان بە ٦١ حاڵەتەوە زۆرترینی ئەو ئامارەی لەخۆ گرتووە و هاوکات شاری \"بانە\"ش بە ٣٠ حاڵەتەوە لە پلەی دوومەی ئەو ئامارە دایە.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی دووشەمە رێکەوتی ٢٤ی پووشپەڕ فەرمانداری شاری \"ئیسلام ئاباد\"ی سەربە ئوستانی کرماشان رایگەیاندبوو، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٦ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو شارە تۆمار کراوە.