سووتاندنی ماشێنی کاسبکارێکی کورد لە شاری پیرانشار

15:22 - 31 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکان پاش تەقەی ڕاستەوخۆ لە ماشێنی کاسبکارێکی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار، ماشێن و باری ئەو کاسبکارە کوردە ئاگریان تێبەردا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو ڕۆژ پێش، لە ئەنجامی بۆسەدانانی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە سەر ڕێگا و تەقە کردن لە کاسبکارێکی کورد لە ناوچەی پیرانشار، ماشێنی ئەو کاسبکارە کورد بە تەواوەتی ئاگری گرت.

ئەو ڕووداوە لە شوێنیک بە ناوی \"کانی شینەکە\"ی شاری پیرانشار ڕووی داوە. هێزە ئینتزامییەکان پاش دەستبەسەر داگرتنی ماشینی ئەو کاسبکارە کوردە ئاگریان تێبەر داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، باری ئەو کاسبکارە کوردە پارچە بووە و بە تەواوی سووتاوە.

ناوەندەکانی حکوومەتی لەگەڵ کۆڵبەران و کاسبکاران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لەژێر ناوی \"قاچاغچی شتومەک\" هەڵسووکەوت دەکەن، لە کاتێکدا دانیشتوانی کوردستانی ئێران بە هۆی نەبوونی هەل و دەرفەتی کار و ڕوانینی ئەمنیەتی بۆ ئەو ناوچانە لەلایەن حکوومەتەوە، بە ناچاری ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری دەکەن و لەو پەیوەندییەدا، زۆرێک لە کۆڵبەران لەو ڕێگایەدا گیانی خۆیان لە دەست دەدەن.