سوهەیلا حیجاب لە زیندانی کرماشان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە

11:04 - 24 رێبەندان 2721

سوهەیلا حیجاب زیندانیی سیاسی لەگەڵ ١٣ زیندانیی دیکە، لە بەندی ژنانی زیندانی کرماشان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بێهداریی بەندی ژنانی زیندانی کرماشان، بەهۆی نەبوونی پزیشکی شارەزا داخراوە و بەرپرسانی زیندان تەنیا لە ئەگەری دۆخی ئوڕژانسی، ئیزنی ڕاگواستنی زیندانییان بۆ نەخۆشخانە دەدات.

سوهەیلا حیجاب مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٨، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تەمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا.

سوهەیلا حیجاب ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨ لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "محەممەد موقیسە" بە تۆمەتگەلی وەک "پڕوپاگەندە دژی نیزام، کۆبوونەوە و تەبانی، تێکدانی بیروڕای گشتی بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە، دروستکردنی گرووپی نایاسایی لە ڕاستای مافی ژنان و داخوازیی ڕیفراندۆم و گۆڕینی یاسای بنەڕەتی"، سەرجەم بە ١٨ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ئەمساڵ، لە بەندی دابڕگەی زیندانی قەرچەکی وەرامین لەهەمبەر دۆخی نالەباری خۆی و گوشار بۆ سەر بنەماڵەکەی، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین مانی لە خواردن گرت.

ماوەیەک پێش سوهەیلا حیجاب لە زیندانی قەرەچکی وەرامین بۆ زیندانی سنە دوور خرایەوە  و ڕێکەوتی ١٧ی بەفرانبار ڕەوانەی کانوونی تەربیەت و ئیسلاحی کرماشان کرا.