سنە/ ئەگەری تێكەڵبوونی ٣٠ هەزار لیتر نەوتی رەش بە ئاوی خواردنەوە

14:55 - 5 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی كوردپا: وەرگەڕانی تانكێرێكی سی هەزار لیتری نەوتی رەش( كوورە) لە نزیك بەنداوی قشلاقی سنە، نیگەرانی و دڵەڕاوكێی لای دانیشتوانی ئەو ناوچەیە دروست كردووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رێكەوتی ٤‌ی خەزەڵوەر تانكێرێكی سی هەزار لیتری نەوتی رەش لە نزیك سەرپاوەی ئاوی خواردنەوەی شاری سنە وەرگەڕا و مەترسیی تێكەڵ بوونی ئەو مادە شیمیاییە بە ئاوەكە هەیە.

دووپات بوونی ئەو رووداوە كە بە جۆرێك لەجۆرەكان كەمتەر خەمی و نابەرپرسیاریەتی بەرپرسانی شاری و ئوستانی دەخاتەڕوو، نیگەرانیی هاووڵاتییانی كوردی دووقات كردۆتەوە.

تانكێری هەڵگری مازووت (نەوتی رەش) لە سنووری پیرانشارەوە ویستوویەتی بچێتە شارێكی باشووری ئێران می لە نزیكی بەنداوی قشلاق تووشی ئەو رووداوە بووە.

پۆلیسی هاتوچۆی ئوستانی كوردستان لەو بارەیەوە وتویەتی، قەدەغەكردنی هاتوچۆ تەنیا تانكێری هەڵگری مادە شیمیاییەكان دەگرێتەوە.

لەحاڵی حازردا ژمارەیەك لە پێرسۆنێلی ئورگان و كرێكاران سەرقاڵی خاوێن كردنەوەی ئەوشوێنەن.

یەكێك لەدانیشتوانی شاری سنە وتوویەتی، بە وەرگەڕانی ئەو ماشێنە نیگەرانی لای خەڵكی دروست بووە و سەبارەت بە كێشەی تەنروستی و نەبوونی خزمەتگوزارییەكان ناڕەزایەتیان دەربڕیوە و باسی لەوەش كرد، كەمتەر خەمی ئیدارەكان وای كردووە كە رەواندنەوەی كێشەكان بە ئەستەمی جێبەجێ‌بكرێت.

وەرگەڕانی تانكێرەكانی هەڵگری نەوت و مادە شیمیایەیكان لە سنە و دەورووبەری بەنداوی قشلاق لەحاڵێكدایە كە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا چەندین رووداوی هاوشێوە رووی داوە.

بەوتەی بەرپرسانی ئوستانی كوردستان، رێگە و بانەكانی ئەو ئوستانە توانای هاتوچۆی ئەو هەموو تانكێرەی نیە.

هەواڵدەریی مێهر بڵاوی كردبوویەوە، روودانی ئەو كارەساتانە زۆر جار لە كەمتەر خەمی بەرپرسان و ناوەندەپێوەندیدارەكانە و لێپرسراوانیش لەو كاتانەدا بێدەنگی هەڵدەبژێرن.