سنە/ گیان لەدەست دانی کرێکارێکی کورد لە بەنداوی ژاوە

21:39 - 10 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کوردی خەڵکی ناوچەی ژاوەرۆی سنە کەلە بەنداوی ژاوەی ئەو شارە سەرقاڵی کار کردن بوو، بەهۆی بەربوونەوە لە تەراکتۆرەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی دوێنێ شەممە رێکەوتی ٩ی خەرمانان هاووڵاتییەک بەناوی \"خودا مراد مینبەری\" کەلە بەنداوی \"ژاوە\" شۆفیری تەراکتۆر بووە لە رووداوێکدا لەسەر تەراکتۆر بەر بۆتەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

خودا مراد تەمەنی ٤٥ ساڵ، باوکی ٥ منداڵ و دانیشتووی گوندی \"وەسێ\"ی سەرووی سەربە ناوچەی ژاوەرۆی سنە بووە.

پێشتریش، ٣ کرێکاری دیکەی ئەو بەنداوە لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا لە کاتی چوون بۆ سەر کار، بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست دا.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٣٤ کرێکاری کوردی خەلکی ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران بەهۆی رووداوی کار و هاتوچۆوە گیانیان لە دەست داوە.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.