سنە/ کچێک خۆی سووتاند و ماڵەکەشیان ئاگری تێبەربوو

18:55 - 11 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: کچێکی تەمەن ١٨ ساڵەی خەڵکی ناوچەی ژاوەرۆی سنە، لە ماڵی خۆیاندا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کچێک بەناوی ئیلهام ئەمیری و خەڵکی گوندی تەنگیسەر لە ناوچەی سنە، کە بەهۆکارێکی ناڕوون ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، ماڵەکشی بە خۆیەوە ئاگر داوە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کچە تەمەن ١٨ ساڵەیە، شەوی چوارشەممە رێکەوتی ٨ی رێبەندان لە ماڵی خۆیاندا ئاگری لە خۆی بەرداوەو بەو هۆیەوە ماڵەکەشیان ئاگری تێبەر بووە.

دەگوترێ، بەهۆی بێ ئیمکاناتی لە نەخۆشخانەی شاری سنە، ئیلهام گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە تەورێز و سەرئەنجام پاش ١ شەو مانەوە لەو نەخۆشخانەیە، گیانی لەدەست داوە.

کێشەی ئابووری، رێگرتن لە خوێندن و گێرۆدە بوونی ئەندامانی بنەماڵە بە ماددە سڕکەرەکان، بە شوودانی زۆرە ملی، بە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوشتنی ژنان لەقەڵەم ئەردێت و خۆکوشتن لە رێگەی خۆسووتاندنەوە بە باوترین شێوەی خۆکوشتنی ژنان ئەژمار دەکرێت.

کارناسانی کۆمەڵایەتی لەو باوەڕەدان خۆسووتاندن ناڕەزایەتی دەربڕینێکە لەمەڕ هەموو ئەو دەرد و نەهامەتی و نابەرابەرییانەی کە بەو هۆیەوە تاک بە جەرگبڕترین شێوە کۆتایی بەژیانی خۆی دێنێت.

ئارام. ح