سنە/ هێزە ئینتزامییەکان رێگرییان لەبەڕێوەچوونی نوێژی جێژن کرد و لەگەڵ سەلەفییەکیش تێکهەڵچوون

15:00 - 7 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: رۆژی رابردوو لە کاتێکدا سەلەفییەکانی شاری سنە لەمزگەوتی کانی کووزەڵەدا سەرقاڵی بەرێوەبردنی رێوڕەسم و نوێژی جێژنی رەمەزان بوون، لەلایەن هێزی ئینتزامییەوە هێرشیان کرایە سەر.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییانی سوننی مەزهەبی شاری سنە کە رۆژی رابردوویان وەکوو جێژنی کۆتایی مانگی رەمەزان دیاری کردبوو، لەلایەن هێزی ئینتزامییەوە لە مزگەوتەکاندا هێرشیان کرایە سەر و سەلەفییەکانی شاری سنەش لە مزگەوتی کانیی کووزەڵە لەگەڵ ئەو هێزانە بەکێشە هاتن.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنەوە راگەیاند؛ سەرلە بەیانیی رۆژی دووشەممە هاووڵاتییانی گەڕەکەکانی دیکەش کەلە مزگەوتەکاندا سەرقاڵی بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی جێژنی رەمەزان بوون، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە لە مزگەوتەکان کراونەتە دەرەوەو بۆ بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی نوێژی جێژن، رێگرییان لێکراوە.

پێشتریش هاووڵاتییانی سوننی مەزهەبی تاران بۆ بەڕێوەبردنی نوێژی جێژنی قوربانی ساڵی رابردوو، بەرەوڕووی ئاستەنگی دەوڵەتی حەسەن رۆحانی بوونەوەو هێزە ئینتزامییەکان رێگرییان لە بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەکانی ئەو جێژنە کردبوو.

فشار و ئاستەنگ بۆسەر هاووڵاتییانی سوننی مەزهەب لە ئێران لە حاڵێکدایە، کە بەپێی ئامارەکان زیاتر لە ١٥ ملوێن هاووڵاتیی سوننی مەزهەب لەو وڵاتەدا دەژین و لە کاتێکشدا بەرەدەوام بەرەوڕووی هەڕەشە و ئاستەنگ دەبنەوە، کە وەزیری ئیتلاعاتی سەردەمی دەوڵەتی خاتەمی، وەکوو یاریدەدەری حەسەن رۆحانی بۆ کاروباری کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان دیاری کراوە.