سنە/ مۆڵەتی زیاتر لە ٢٠ بڵاڤۆک هەڵوەشاوەتەوە

15:54 - 12 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: نەبوونی پاڵپشتیی دەوڵەت و کێشەی ماڵی، بووەتە هۆی ئەوەی کە مۆڵەتی ٢١ بڵاوکراوە لە پارێزگای کوردستان هەڵوەشێندرێتەوە.

بە پێی هەواڵە بڵاوبووەکان، بەڕێوەبەرایەتی چاپەمەنییە نێوخۆییەکانی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشاد لە ساڵی ڕابردوودا، بە نامەی ئاگادارکردنەوە پێشی بە دەرچوونی ٢١ بڵاڤۆکی کوردی ـ فارسی لە پارێزگای کوردستان گرتووە.

ئەو بڕیارە بە پشتبەستن بە مادەی ١٦ی یاسای چاپەمەنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەرکراوە.

ئەو بڵاوکراوانەی کە مۆلەتیان لێ‏سەندراوەتەوە، وەرزنامە، مانگنامە و حەوتوونامە لەخۆ دەگرن.

هەواڵدەریی ئیرنا لە زاری کارناسێکی بەڕێوەبەرایەتی فەرهەنگ و ئیرشادی پارێزگای کوردستان ناوی هەندێ لەو بڵاڤۆکانەی بە؛ \"چرۆ\"، \"شار\"، \"هەناسەی ئەوین\"، \"شۆخ و شەنگ\" و \"ڕاوێژ\" ڕاگەیاندووە.

ساڵی ڕابردوو تەنیا بڵاوکراوەکانی \"ڕۆژ ڕەوەند\" و \"تبیان\" توانیویانە خۆیان لە مادەی ١٦ی یاسای چاپەمەنییەکان قوتار بکەن.

ئەو مادەیە باس لەوە دەکات کە خاون مۆڵەتی هەر بڵاوکراوەیەک دەبێ لەپاش شەش مانگ لە دەرچوونی مۆڵەتەکەی، بە چاپی بگەینێت دەنا بە هوشداری نووسراو و دواتر دەرفەتی ١٥ ڕۆژە، ئەوا مۆڵەتی وەرگیراو هەڵدەوەشێتەوە.

ڕاگەیاندنی ئەو جۆر هەواڵە سەبارەت بە بڵاوکراوەکانی کوردستان لە کاتێکدایە کە ئێستا تەنیا بڵاڤۆکەکانی سەربە دەوڵەت لە ڕۆژنامەفرۆشیەکان دەبینرێت و ئەو دۆخە لە لایەن چالاکانی فەرهەنگی کورد وەک \"شەڕی نەرمی\" دەوڵەتی ڕووحانی لەبەرانبەر \"شەڕی سەختی\" ئەحمەدی نەژاد پێناسە کراوە.

هەرچەند بەرپرسانی فەرهەنگی لە کوردستان، کێشەی ماڵی بە هۆکاری لاوازیی بڵاوکراوەکان لەقەڵەم دەدەن، بەڵام کەسانێک هەن کە ئەو بۆچوونە ڕەت دەکەنەوە و دەبێژن کە ئەو بڵاوکراوانە کە زۆربەیشیان بە زمانی کوردین هەر لە یەکەم ژمارەدا تووشی کێشە دەبن و بەڕێوەبەرانی وازی لێ‏دێنن.

ئێران لە ساڵی ٢٠٠٣وە بەردەوام لە پلەبەندیی جیهانیی ئازادیی چاپەمەنییەکان، لە دابەزیندایە، بە چەشنێک کە لە نێوان ١٨٠ وڵاتی هەڵسەنگێندراو لە لایەن ڕاپورتنێرانی بێ سنوور، لە پلەی ١٧٣ جێی‏گرتووە.

ئێستا زیاتر لە پەنجا هەواڵنێر و ڕۆژنامەنووس لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ڕاگیراون.