سنە/ لە چارەنووسی سێ هاووڵاتیی کورد، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە

15:58 - 31 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: لەسەر چارەنووسی سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سنە، کە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بانگهێشت کراون، زانیارییەکی ورد لە بەردەستدا نییە.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چارەنووسی سێ هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی \"ئەمیر ڕەزایی، تەمەن ٢٥ ساڵ کوڕی جەمیل، سیروان ئەرغەوانی ٢٦ ساڵ کوڕی خواکەرەم و فەرزاد ڕەزایی تەمەن ٣٤ ساڵ کوڕی حەبیب\"، خەڵکی گوندی \"تەنگیسەر\"، پاش بانگهێشت کردنیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعات شاری سنە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی پووشپەڕ، ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە، لە ڕێگای تەلەفۆنەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات و دەسبەسەر کراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: پاش تێپەڕانی یەک حەوتوو بە سەر دەسبەسەرکرانی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، چارەنووسیان ناڕوونە و تەنانەت لە گرتنی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەرین.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئەم سێ هاووڵاتیی کوردە لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات شاری سنەدان و لە هۆکاری دەسبەسەرکرانیان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.