سنە/ لە ماوی ٨ مانگی ڕابردوودا ٢١ کرێکار گیانیان لەدست‏داوە

15:21 - 10 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی گیانلەدەستدانی کرێکاران لە کوردستان بە هۆی ڕووداوی کارەوە، لە ماوەی ٨مانگی ڕابردوودا، ٢١ کرێکار لە پارێزگای سنە گیانیان لەدەست‏داوە.

هەواڵە بڵاوکراوەکان لە زاری غوڵامڕەزا هۆمایوونی‏پوور بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی یاسایی پارێزگای سنە باس لەوە دەکات کە؛ لە ٨ مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە، واتە (کۆتایی مانگی خەزەڵوەر)، ٢١ کرێکار لە کاتی کار کردندا، گیانیان لەدەست‏داوە و ئەوە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی هاوشێوی‏دا بۆ ساڵی پار، ١٢ کەس گیانیان لەدەست‏داوە، ئەوەش بە نیسبەت ساڵی پار، ٥٠% زیادی کردووە.

لەو پێوەندییەدا، بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی یاسایی گووتی؛ لە کۆی گشتیی گیانلەدەست‏دانی کرێکارانی ڕووداوی کار،٢٠ کەسیان پیاو ١ کەسیشیان ژن بووە.

لە لایەکی دیکەوە، ساڵانە ١٤٠٠کەس لە ئێراندا بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەست دەدەن.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێ‏شەممە، بەهۆی بەشداری‏کردنی کرێکاران لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی سێنفی‏، سەبارەت بە هۆ و هۆکاری بێکار بوونیان‏، زیاتر لە ٢٠ کەسیان دەستبەسەر کراون.

دەستبەسەر کردنی کرێکارانی مسی خاتوون‏ئاوای پارێزگای کرمان، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە، بەپێی بڕێاری بەڕێوەبەری ئەو کۆمەڵگەیە، لە ٣٠٠ کرێکاری قەراردادی، ١٥٠ کەسیان لە لایەن بەڕێوەبەری ئەو کۆمەڵگەیەوە لەسەر کارەکەیان لادراون.

بەشێک لە بنەماڵەی ئەو کرێکارانە لە درێژی بەداواداچوون و ئاگاداربوون لە سەر دۆخی دەستبەسەرکراوەکان، سەردانی فەرمانداریی و بەرپرسانی پالاوگەی مسی خاتوونی کرمانیان کردووە و هەوڵەکانیان بێ‏ئاکام ماوەتەوە.