سنە/ لایەنی سیاسی ــ کۆمەڵایەتی شیمیایی بارانی هەڵەبجە و سەردەشت لێکدرایەوە

14:57 - 17 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: یاد و بیرەوەریی زیاتر لە ٥ هەزار قوربانیی کارەساتی هەڵەبجە بە بەشداریی کۆمەڵێک کەسایەتی فەرهەنگی و ئاکادیمی لە زانستگەی کوردستان لە سنە بەرز ڕاگیرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو لە تالاری مەولەوی لە زانستگەی کوردستان، چەندین کەسایەتیی زانستی و لێکۆڵەری سیاسی سەبارەت بە ڕووداوی شیمیایی بارانی هەڵەبجە و سەردەشت قسەیان کرد.

مامۆستایەکی زانستگەی بووعەلی شاری هەمەدان، وێڕای ئاماژە بە نەتەوەگەرایی و شۆڤینیسمی عەرەب، ئەو چەشنە ڕوانینەی بە یەکێک لە هۆکارەکانی کارەساتی هەڵەبجە ناوزەد کرد.

\"29713.jpg\"
ستار عەزیزی دوکتورای حقووق
بە وتەی ستار عەزیزی، تا کاتێ ڕیشەی ئەو ڕووداوانە لەنێو نەچێ، ئەگەری دووپاتبوونەوەی هەیە، هەرئەوە کە ماوەیەک پێش ئێستا تاوانی هاوشێوە بەدژی کوردی ئێزەدی لە شەنگال هاتەئاراوە.

لەو سیمینارە زانستییەدا، مامۆستایەکی دیکەی زانستگە، ڕوونی کردەوە کە بەپێی توێژینەوەکان. شیمیایی بارانی سەردەشت ڕاستەوخۆ لەسەر هەستی بێ‏متمانەیی، بەستراوەیی، تووڕەیی و نائەمنیی خەڵک کاریگەریی هەبووە.

ڕەخنە لە ڕووناکبیران بەشێکی قسەکانی هادی نەقدی پێکهێنابوو کە لەوێدا ناوبراو ئەو توێژەی بە کەمتەرخەمی لەقەڵەمدا کە بەدواداچوون بۆ ڕووداوە پێوەندیدارەکان ناکەن.

حوسەین محەممەدزادە، کۆمەڵناس، لە بەشدارانی ئەو یادەوەرییە ڕایگەیاند کە؛ کارەساتی هەڵەبجە، کوشتارێکی ئەندازیاری بۆکراو بوو کە ئایا دەتوانێ ببێتە تەوەری یەکبوون لەنێو کورداندا.

ناوبراو لە درێژەدا هێمای بۆ شیمیایی بارانی شاری مەریوان کرد و وتی کە ئەو کارەساتە بووەتە هۆکاری نەخۆشینی شێرپەنجە لەناو خەڵکدا.

ڕێوڕەسمی زانستگەی کوردستان بە هاوکاریی ناوەندی فەرهەنگی، ئەدەبیی \"ئەهوورا\"وە بەڕێوە چووە.

شیمیایی بارانی هەڵەبجە لە ڕێکەوتی ١٦ی مارس( ٢٥ یان ٢٦ی ڕەشەمە) ساڵی ١٩٨٨ زایینی ڕوویدا کە زیاتر لە ٥ هەزار کەسی سیڤیل گیانیان لەدەست دا و بە هەزاران کەسی دیکەش کەوتنە ژێر کاریگەریی گازە بەکارهاتووەکان.

شاری سەردەشت لە ٧ی پووشپەڕی ١٣٦٦ لە لایەن فڕۆکەکانی ڕێژیمی بەعسەوە بوردمان کرا و لە کەمتر لە یەک مانگدا ١٤٠ کەس گیانی خۆیان لەدەست دا.

هەر لە ئەنجامی ئەو بوردمانەدا، ٨ هەزار کەس بریندار و کەم‏ئەندام بوون کە ناوەندە حکوومەتییەکان تەنیا ناوی ١٥٠ کەسیان لە ڕیزی برینداراندا تۆمار کردووە.