سنە/١٥ قوتابی بەهۆی بێ بەرنامەیی بەرپرسی قوتابخانەیەکەیانەوە، لەخوێندن بەجێمان

17:04 - 31 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە دایک و باوکی قوتابیانی قوتابخانەی دواناوەندیی \"حافز\"ی سەربە شاری شویشە، بەهۆی \"بڕیاری نادروست\"ی بەرپرسانی ئەو قوتابخانەیە و بەجێمانی منداڵەکانیان لە خوێندن، لەبەر دەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی کەڵاتەرزاندا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێکهێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کاتێکدا ١٥ کەس لە قوتابیانی ناوچەی کەڵاتەرزانی سەربە شاری سنە، سەرەتای ساڵی رابردووی خوێندن، لە رشتەی \"تاسیسات (دامەزراوەکان)\" لە قوتابخانەی دواناوەندیی \"حافز\" لە شاری شویشە ناونووسییان کردبوو، لەماوەی ساڵی خوێندنی ٩٢-٩٣دا مامۆستا و شوێنیان بۆ دابین نەکراوە.

یەکێک لە قوتابییانی ئەو قوتابخانەیە، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا رایگەیاند، بە سەرنجدان بەوەیکە رشتەی \"تاسیسات\" رشتەیەکی زانستی‌یە، لە ساڵی رابردوودا بەهۆی نەبووونی مامۆستا، تەنیا ٢ رۆژی سەری ساڵی خوێندنی ٩٢ – ٩٣ چووینە قوتابخانە.

گوتیشی: بەرپرسی قوتابخانە سەرەتای ساڵی خوێندن رایگەیاند، لە رۆژانی داهاتوودا مامۆستای پسپۆڕ و کارگە و شوێنی تایبەتیتان بۆ دیاری دەکەین، بەڵام لەو ماوەیەدا هیچ هەواڵێک لە هاتنی مامۆستا و دابینکردنی شوین لە گۆڕێدا نەبوو.

هەروەها باوکی قوتابییەکی ناڕەزای بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ئێمە بە هەزار ئاوات و هیوا کوڕەکەمان ناردە بەر خوێندن، بەڵام بەهۆی \"بڕیاری نادروست\" و \"بێ بەرنامەیی\" بەرپرسانی قوتابخانەی حافزی شاری شویشە، منداڵەکانمان لە خوێندن بەجێمان.

باوکی ئەو قوتابییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، باسی لەوەش کرد، هەنووکە لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی بەخشی کەڵاتەرزان کۆبووینەتەوەو بەرپرسانی ئەم ئیدارەیەش لە وڵامدانەوە بە ئێمە، خۆ دەبوێرن.