سنە؛ ئیبراهیم تاریمورادی بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری و سزای نەختی سزا درا

10:34 - 21 رێبەندان 2721

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئیبراهیم تاریمورادی" تەمەن ٥٥ ساڵ کوڕی محەممەدساڵح خەڵکی گوندی "ئەمڕۆڵە"ی شاری سنە، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری و ٣٠ ملیۆن تمەن سزای نەختی، مەحکووم کرا.

دادگا ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام و پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزیبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیونی حکوومەتی ئێران" تاوانبار کردووە و ئەو حوکمەش ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕێبەندان، بەو هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە.

ئیبراهیم تاری مورادی بەو حوکمەی دادگای ناڕەزایەتیی دەربڕیووە و دۆسییەی ناوبراو بۆ پێداچوونەوە ڕەوانەی دادگای پێدانەوە کراوە.

 ڕۆژی یەکشەممە ٤ی ڕەزبەر. ئیبراهیم تاری مواردی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا قۆناغی کۆتایی دادگاییەکەی لە زیندانی سنە ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە" و "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

شەوی شەممە ٢ی گەلاوێژ، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و پاش پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی پشکنینی ماڵی ئیبراهیم تاری مورادی، هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردبوو.