سنە؛ کەیۆمەرس لەتیفی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا

10:20 - 27 رێبەندان 2721

ڕۆژی سێشەممە، ٢٦ی رێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "کەیۆمەرس لەتیفی"، تەمەن ٤١ ساڵ و خەڵکی سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار هێزە ئەمنییەکان بە بێ هەبوونی بەڵگەی دادوەری و بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران " ئەم هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوە رایگەیاند: لەتیفی لە ٦ مانگ پێشەوە لەژێر گوشار و هەڕەشەی هێزە ئەمنییەتییەکاندا بە شێوەی نهێنی و بە دوور لە ماڵی خۆی لە سنە ژیانی کردووە.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان چەندین جار بۆ دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە سەردانی ماڵی خزم و دۆستانی ناوبراویان کردووە.

ئەم سەرجاوەیە وتی: هێزە ئەمنیەتییەکان لە ماوەی ئەم ٦ مانگەدا بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی کەیۆمەرس لەتیفی لە سەر یەکێک لە دارەکانی بەرقی پێش ماڵەکەی کامێرای چاوەدێرییان داناوە.

کەیۆمەرس لەتیفی، چالاکی مەدەنی و وانەبێژی زمانی کوردی بووە و پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی مەولەوی لە سنە بووە.

لەتیفی خەرمانانی ٩٨یش بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، دەسبەسەر و ٥ی بەفرانباری هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.