سنە؛ لاوێک بە تەقەی هیزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران گیانی لەدەست دا
ڕۆژی چوارشەممە ١١ی خەزەڵوەر، "مۆئمێن زەند کەریمی" تەمەن ١٨ ساڵ کوڕی "عوبەید" لە شاری سنە، بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران گیانی لەدەست دا.
ئەو لاوە پاش بریندارکردنی بەهۆی گوللـەی ساچمەیی هێزە ئەمنییەتیی - نیزامییەکان، لە چوارڕێیانی "گوڵشەن"، ڕەوانەی نەخۆشخانەی "تەوحید"ی شاری سنە کرابوو و بەهۆی قورسیی برینەکەی و خوێنبەربوونی زۆر، گیانی لەدەست دا.
تەرمی ئەو لاوە تەمەن ١٨ ساڵەیە، بۆ سپاردن بە خاک، رەوانەی گوندی "ماچکە"ی شاری دێولان کرا و شەوی ڕابردوو بە گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکان بە خاک سپێردرا.
"مۆئمێن زەندکەریمی" خەڵکی گوندی "ماچکە"ی شاری دێولان و لە گەڕەکی "گوڵشەنـ"ـی شاری سنە دادەنیشت.
ڕۆژی چوارشەممە ١١ی خەزەڵوەر، گەڕەکەکانی فەیزئاوا، کارئامووز، تەقتەقان، کەمەربەندی ٢٥، فەرەح، حاجیاوا، سیرووس، بەردەشت، گوڵشەن، عەباسئاوا، شەریفئاوا، وەرمەقانی، شارەکی مەولەوی، چوارڕێیانی چوارباغ و فیردەوسی شایەدی خۆپیشاندانی بەرینی خەڵکی شار بوو.
لەو ڕۆژەدا هێزە سەرکوتکەرەکان هێرشیان کردبووە سەر گەڕەکی "حاجیاوا"ی سنە و وێڕای تەقەکردن لە خەڵک، کەرەستە و کەلوپەلی زۆرێک لە هاووڵاتییانیان شکاندبوو.