سنە؛ سێ چالاکی سێنفیی مامۆستایان لە زیندان ئازاد کران

18:22 - 4 پووشپەڕ 2722

ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی ٤ی پووشپەڕ، "سەلاح حاجی میرزایی"، "محەممەد ڕەزا مورادی" و "ئارام ئیبراهیمی" لە چالاکانی سێنفیی مامۆستایانی سنە بە دانانی کەفاڵەت لە زیندان ئازاد کران.

ئەو سێ چالاکە سێنفییە بە کەفاڵەت و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناخی دادگاییەکەیان ئازاد کراون.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی جۆزەردان، "محەممەد ڕەزا مورادی" ئەندامی هەیئەت مودیرەی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان ـ سنە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەبەر دەرگای ماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەردان، "سەلاح حاجی میرزایی"، ئەندامی هەیئەت مودیرەی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان ـ سنە و کەڵاتەرزان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هەروەها بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١ی پووشپەڕ "ئارام ئیبڕاهیمی" چالاکی سێنفیی مامۆستایانی سنە لە ماڵی باوکی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.