سنە؛ دەسبەسەرکردنی ٩ هاووڵاتیی دیکە لە ڕەوتی بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆز لە پاڕکی منداڵ
ڕۆژی دووشەممە ١ی خاکەلێوە، ٩ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "عابید خورشیدی، کەیوان زەند کەریمی، سەهەند بەرزەنجی، ئارش شەکیبا، خالید حوسێنی، جەمشید فەرزی، فەردین پەیمانکار، کەیهان کاکەخانی و کەیوان مەحموودی" لە ڕەوتی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە پاڕکی منداڵی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ٩ هاووڵاتییە دەسبەسەرکراو لە ڕەوتی بەڕێوەبردنی ڕێورەسمی نەورۆز لە پاڕکی منداڵی سنە، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کراون.
هەروەها، بەتوول ئەعزەمی تەمەن ٧٥ ساڵ و ئاریانا سەلیمی تەمەن ١٤ ساڵ ڕۆژی دووشەممە ١ی خاکەلێوە، لە کاتی ڕێوڕەسمی نەورۆز لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی سێشەممە ٢ی خاکەلێوە، ئاریانا سەلیمی بە لێوەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراوە و بەتوول ئەعزەمی بە دانانی کەفالەت لە گرتنگە ئازاد کران.
ڕۆژی دووشەممە ١ی خاکەلێوە، دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "ئارەش فەداکار" تەمەن ٢٧ ساڵ و "ئارمان سەلیمی" لە کاتی بەڕێوەبردنی جەژنی نەورۆز لە پارکی منداڵ (پارکی نەورۆز)ی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.