سنە؛ دەسبەسەرکردنی سێ کەس لە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە پاڕکی منداڵ

11:59 - 2 خاکەلێوه 2722

ڕۆژی دووشەممە ١ی خاکەلێوە، هێزە ئەمنییەتی و هێزەکانی دژە شۆڕش، هێرشیان کردە سەر ڕێوڕەسمی نەورۆز لە پاڕکی منداڵ (پاڕکی نەورۆز) و سێ کەس لە بەڕێوەبەرانی ئەو ڕێوڕەسمەیان بە ناوەکانی "سۆهراب جەلالی"،"جەماڵ ئەسەدی" و"فواد عینایەتیـ"ـیان دەسبەسەر کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە چارەنووسی ئەو سێ کەسە دەسبەسەرکراوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.

ڕۆژی دووشەممە ١ی خاکەلێوە، ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی جێژنی نەورۆز لە پاڕکی منداڵ (پاڕکی نەورۆز) بەڕێوە چوو و دایە شەریفە دایکی ڕامین حوسێن‌پەناهی زیندانیی سیاسیی کورد کە لە ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانانی ساڵی ٩٧ لە سێدارەدرا، لەو ڕێوڕەسمەدا، گوڵی سووری لەنێو خەڵکەکەدا بڵاو کردەوە.

سۆهراب جەلالی و جەماڵ ئەسەدی لە چالاکانی مەدەنیی سنە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، چەند جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بانگهێشت و دەسبەسەر کراون.

فواد عینایەتی مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٨ لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە ڕۆژاوا لە شاری سنە دەسبەسەر و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو و مانگی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، لە لقی ١٠٤ی دادگای کەیفەریی دووی شاری سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئومیدی"، بە "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتیی لە ڕێگای بەشداری لە کۆبوونەوەی نایاسایی" تۆمەتبار و بە ١٠مانگ زیندان و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ٦ی گەلاوێژ ساڵی ٩٩، حوکمی لێدانی ٧٤ زەربە قامچی ئەو هاووڵاتییە لەلایەن لقی ١ی بەڕێوەبەریی سزای کەیفەریی شاری سنە جێبەجێ کرابوو.

وێنە: فواد عینایەتی، جەماڵ ئەسەدی و سوهراب جەلالی