سنە؛ خەبات شەکیبا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

10:09 - 12 رێبەندان 2721

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندان، "خەبات شەکیبا" چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکە کرێکارییە لە کاتێکدا کە بۆ ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی خزمێکی بۆ "بەهەشت محەممەدی" چووبوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

ئەو سەرچاوەیە زیادی کرد: "تا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی شەکیبا بۆ ئاگاداربوون لە شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی خەبات، بێ ئاکام ماوەتەوە".

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ساڵی ٩٧ی هەتاوی، "خەبات شەکیبا" لەلایەن لقی ١٠٣ی کەیفەریی سنە، بە تۆمەتی "گردبوونەوەی نایاسایی و بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی نەورۆز"، بە سێ مانگ زیندانیی تەعزیری یان دانی ملیۆنک و ٥٠٠ هەزار تمەن سزای نەختی مەحکووم کرابوو.