سنە؛ خەبات دێهدار چالاکی کرێکاری لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

16:58 - 19 رێبەندان 2721

ئەمڕۆ سێشەممە ١٩ی ڕێبەندان، خەبات دێهدار چالاکی کرێکاری خەڵکی شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەو چالاکە کرێکارییەیان لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری سنە دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری گیران و تۆمەتی ‌وەپاڵدراو دژی ئەو چالاکە کرێکارییە هیچ زانیارییەک نییه.

ڕۆژی یەکشەممە ۲٤ی خاکەلێوە ٩٩، خەبات دێهدار چالاکی کرێکاری و زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرابوو.

خەبات دێهدار پاش ٨ ساڵ ئەندامەتی لە کۆمەڵە و بە وەرگرتنی ئەماننامە لە ساڵی ٨۹ گەڕابووەوە بۆ ئێران و ڕێکەوتی ۱۱ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ لەلایەن دادگای ئینقلابی سنەوە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە کۆمەڵە" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکوم کرابوو.

ناوبراو پاش ئەو ماوەیە لە دۆسیەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بە ۳ مانگ و ۱۰ ڕۆژ زیندان مەحکووم کرابوو و حوکمی هەڵپسێردراوی پێشووتری بو تەعزیری گۆڕدرابوو.