سنە؛ بەردەوامیی دەسبەسەری و ناڕوونیی چارەنووسی محەممەد سەلیمی

10:48 - 14 رەشەمه 2721

لە چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "محەممەد سەلیمی" خەڵکی شاری سەقز کە لە ڕۆژی سیشەممە ١٩ی ڕێبەندان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکرانی بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزراوە و لە ماوەیەدا لە دەستپڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی سەلیمی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێئاکام ماوەتەوە".

محەممەد سەلیمی ڕۆژی سێشەممە ١٩ی ڕێبەندان، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی‌ وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە، زانیارییەکی ورد بە دەست نەهاتووە.