سنوورەکانی کوردستان پەردەی تراژدیای کۆڵبەرانی کوردە

16:13 - 6 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کورد لە سنووری شێخ سڵە، سەر بە سەلاسی باوەجانی لە پارێزگای کرماشان، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکانی ئێران، بریندار کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ سێشەممە ٦ی گەلاوێژ، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی \"بەختیار مورادپوور\" خەڵکی گوندی کیسەڵە و \"ئەرکان کاکەیی\" لە سنووری شێخ سڵە سەر بە سەلاسی باوەجانی، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەتی ئێران بریندار کران.

\"\"بەختیار مورادپوور
بەختیار مورادپوور بە هۆی ئەو تەقەیە لاقی بریندار بووە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندێکی دەرمانی کراوە.

ڕۆژی دووشەممە ٥ی گەلاوێژ، کاروانێک لە کۆڵبەرانی کورد، لە نزیک گوندی \"سەنگەر\"، سەر بە شاری ماکۆ کەوتنە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتیەکانی ئێرانەوە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێکی کورد، بە ناوی \"عوسمان قەدیمی\" بە توندی بریندار بوو.

ئەو کۆڵبەرە کوردە پشت و لاقی بریندار بووە و بۆ نەخۆشخانەی تەورێز ڕاگوێزراوە.