سنوورەکانی کوردستان شوێنی کوژران یان برینداربوونی کۆڵبەرانن

21:11 - 13 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد، خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری سەقز بە تەقەی هەنگی سنووری نەنوور لە شاری بانە پێکرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو ، ١٢ لەسەر ١٣ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی کورد، خەڵکی شاری سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هەنگی سنووری نەنوور پێکرا و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردەی بە ناوی \"ئاکۆ مینایی\" ناسراو بە ئاکۆ سەعادەت تەمەن ٢٣ ساڵ کوڕی تەوفیق خەڵکی گوندی \"پیرئۆمران\"ی شاری سەقز ڕاگەیاندووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم کۆڵبەرە کوردە بریندارە بۆ چارەسەری پزیشكی ڕەوانەی نەخۆشخانەی بانە کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خەرمانان، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە گوندی \"ماشکان\" سەر بە شاری پیرانشار تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەری کورد لەو ناوچەیە کرد .

تاکە سەرچاوەی داهاتی ژیانی هاووڵاتییانی ناوچە سنوورییەکان کۆڵبەرییە، کە ناچارن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان ڕوو لەم پیشە مەترسیدارە بکەن.