سنوورەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەرەو باشوور پەرژین دەکرێت

20:24 - 24 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران بە بیانووی بەرنگاربوونەوەی قاچاغ، دانانی پەرژینی ئاسنین لە نێوان پارێزگای کوردستان و هەرێمی کوردستان، خێراتر دەکات.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سی و چوار کیلۆمیتر لە سنووری زەوینیی پارێزگای کوردستان، لە لایەن هێزی سنوورپارێزی حکوومەتی ئێرانەوە، تێلبەند کرا.

\"پێشگرتن و کۆنتڕۆڵ کردنی قاچاغ\"، بە هۆکاری ئەو کردەوەی هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕاگەیندراوە.

تێلبەندیی سنووری کوردستان، دوو مانگ پاش قسەکانی فەرماندەی سپای پاسداران ئەنجام دەدرێت کە گوتبووی: \"گەشەی کوردستان لە گرەوی داخرانی سنوورەکاندایە\".

هەواڵدەریی ئیسنا لە سنە، بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی پەرژین کردنی ٣٤ کیلۆمیتر سنووری زەوینی، لە زاری جێگری ئۆپەراسیۆنەکانی فەرماندەیی سنوورپارێزی پارێزگاوە ڕایگەیاند: \"ئیدارەی سنوورپارێزی، سەرەڕای ئەو کێشانەی لە ناوچە شاخاوییەکاندا هەیەتی، لەم بوارەدا سەرکەوتوو بووە\".

فەرماندەی سپای سنە لە کاتێکدا باس لە داخرانی خێرای سنوورەکان دەکات کە هاوکات، ئەو بەرپرسە نیزامییە هۆکاری پەرژین کردنی سنوورەکانی، بۆ مەبەستی تەناهی و خۆشبژیویی خەڵکی سەر سنوورەکان گەڕاندۆتەوە.

بە پێی هەواڵە گەیشتووەکان، لە تەواوی سنوورەکانی کوردستانی ئێران دەگەڵ هەرێمی کوردستان، پەڕژین لێدان و درووست کردنی بۆرجەکی نیزامی بەردەوامە و ئەو گەڵاڵەیەش لە سنووری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا بە خێرایی دەچیتە پێش.

لە ئێستادا ٣٢ بورجەکی کۆنتڕۆڵ، لە هێڵی سنووریی پاریزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا بوونی هەیە.
هەر بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ڕێژەی بێکاری لە کوردستانی ئێران لە نێونجی وڵاتی ئێران زۆر زیاترە و ئەم قەیرانە لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان دووقاتە.
کۆڵبەریی و پیلەوەری لە سنوورەکان، گرینگترین سەرچاوەی بژیوی خەڵکی کورد ئەژمار دەکرێت.

چوار پارێزگای کرماشان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، ئیلام و کوردستان زیاتر لە ١٦٠٠ کیلۆمیتر، سنووری وشکانییان لەتەک هەرێمی کوردستان و تورکیەدا هەیە.