سنوورەکانی شووشمێ و پیرانشار وەکوو سنووری کۆڵبەری ناسێندران

21:48 - 22 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: سنوورەکانی شووشمێ لە شاری پاوە و تەمەرچینی شاری پیرانشار وەکوو دوو سنووری \"پایلوت\" شوێنی دیاریکردنی هینانی کەلوپەل بە فەرمی لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە ناسێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی \"ئیرنا\" دوو بازاڕچەی سنووریی شووشمێ و تەمەرچین لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بۆ هێنانی شتومەک بە فەرمی دیاری کران.

فەرمانداری شاری پاوە وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند: پاش هەڵسەنگاندن و پشکنینی بەرپرسانی وڵات لە سنووری پارێزگاکانی کرماشان و ورمێ و سنە، ئەم دوو سنوورە وەکوو سنووری هێنانی شتومەک و کۆڵبەری بە فەرمی دەسنیشان کران.

بە وتەی پەرویز ئیدەپوور: پاش داخرانی بازاڕچە سنوورییەکانی کۆڵبەری لە مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردووەوە، شاندی دەوڵەت پاش پێداچوونەوە بەو پرسە، ئایینامەیەکیان لەو پەیوەندییەدا دانا؛ ئێمەش لە ڕاستای بەڕێوەبردنی ئەو ئەرکە کاری خۆمان ئەنجام دەدەین.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە هەروەها ڕایگەیاند: چالاکانی ئابووری و بازرگانان دەتوانن شتومەک و کەرەستەی خۆیان لە سنوورە فەرمییەکان وڵات بەتایبەت پەرویزخان و باشماخ بە گومرۆکی شووشمێ ترانزیتی بکەن و پاش ترانزیت کردنی شتومەکان بازرگانان دەتوانن کەرەستەکانیان لە سنووری فەرمی شووشمێ بۆ هەر شوێنێکی ئێران ڕەوانە بکەن.

شاری پاوە زیاتر لە ٦١ هەزار حەشیمەتی هەیە و لە باکووری ڕۆژئاوای شاری کرماشان هەڵکەوتوو و خاوەنی ٨٤ کیلۆمێتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ وڵاتی عێراقە.