سنووری بانە؛ دوو مەئمووری هێزە ئینتزامییەکان لە شەڕ و تێکەڵچوون لەگەڵ کەسانی چەکدار کوژران

17:24 - 29 پووشپەڕ 2722

شەوی ڕابردوو شەڕ و تێکەڵچوونی نیزامی لەنێوان هەنگی سنووری و کەسانێکی چەکداری نەناسراو لە سنووری بانە ڕوویدا.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لە شاری بانە ڕایگەیاند: "ئەو شەڕ و تێکەڵچوونە لە سنووری بڕوێشکانی بانە لەگەڵ کەسانێکی چەکداری نەناسراو ڕوویداوە".

لەو شەڕ و تێکەڵچوونەدا دوو مەئمووری هێزە نیزامییەکان بە ناوەکانی ستوانی دووەم "مەهدی محەممەدی‌نەسب" و ئیستواری دووەم "عەلی فازڵی ‌شاد" کوژراون.

فەرماندەی هێزە سنوورپارێزەکانی پارێزگای سنە لە وتووژێک لەگەڵ میدیا حکوومەتییەکان ڕایگەیاندووە کە ئەو شەڕ و تێکەڵچوونە نیزامییە لە کاتی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکەدا ڕوویداوە.

هەتا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسایەتیی ئەو شەڕەی لە ئەستۆ نەگرتووە.