سمكۆ خلقەتی بۆ زیندانیی ئێڤین راگوێزرا

13:22 - 15 رەشەمه 2713
ئاژانسی كوردپا: زیندانییەکی سیاسیی كورد، دوای مانگرتنی لە گرتووخانەی رەجایی‌شاری كەرەج، رەوانەی زیندانیی ئێڤین لەشاری تاران کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، سمكۆ خلقەتی رۆژی سێ‌شەممە رێكەوتی ١٣‌ی رەشەممە، لە ساڵۆنی ١٢‌ی زیندانی رەجایی شاری كەرەجەوە بۆ بەندی ٣٥٠‌ی زیندانی ئێوین لەشاری تاران راگوێزراوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەی خەڵكی شاری مەهاباد رێكەوتی ٩‌ی رێبەندان لە سالۆنی ١٢ی زیندانی رەجایی شاری كەرەجەوە، بۆ ژووری تاكەكەسیی نێو زیندان راگوێزرابوو.

بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار خلقەتی بەهۆی بەشداریكردن لە مانگرتنی سێ رۆژەی زیندانییانی سیاسیی ناو ئەو زیندانە رەوانەی ژووری تاكەکەسی کرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە دوو رۆژ دوای راگواستنی بۆ ژووری تاكەكەسی بەنیشانەی ناڕەزایەتیی بەو بڕیارە مانی لە خواردن گرتبوو.

سمكۆ خلقەتی ئەندازیاری بنكەی ناوكیی ئەراک، رێكەوتی ٢٨ بەفرانباری ساڵی ١٣٨٨ لەشوێنی كارەكەی دەستبەسەر و دواتر بە تۆمەتی هاوكاری لەگەڵ یەكێك لەحیزبە كوردییەكان، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارە حوكمی ١٥ ساڵ زیندانیی بۆ بڕایەوە.

\"18627.jpg\"
رەحیم رەشی، بۆ ماوەیەک لە گرتنگەدا مانی لەخواردن گرتبوو
هەر لەدرێژەی راگواستنی زیندانیانی سیاسیی كوردا، هاووڵاتییەكەی دیكەی مەهابادی لەگرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە بۆ زیندانیی ناوەندی ئەو شارە راگوێزراوە.

ماڵپەڕی \"رادیۆ زەمانە\" بڵاوی کردەوە، \"رەحیم رەشی\" تەمەن ٦٦ ساڵ و خەڵكی شاری مەهاباد، سەرەتای مانگی رەشەمەی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی شاری مەهابادەوە دەستبەسەر كراوە و دەگوترێت كە ئەو زیندانییە لە گرتنگەدا مانی لەخواردن گرتبوو.

\"رەحیم رەشی\"، کە رەوانەی زیندانی ناوەندی شاری مەهاباد كراوە، گەلاوێژی ساڵی ١٣٨٩‌ش دەستبەسەر و ئەو كاتیش بۆ ماوەیەک مانی لەخواردن گرتبوو.