سلێمانی/ ٢٠ چالاکی سیاسیی کورد بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی ورمێ پەیوەست بە مانگرتنی بەردەم دەفتەری پارلمان بوون+وێنە

19:11 - 18 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیک لە چالاکانی سیاسی و رۆژنامەنووسی و هەروەها زیندانییانی سیاسیی پێشوو، کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێ پەیوەستی مانگرتنی بەردەم دەفتەری پەرلەمان هەرێمی کوردستان بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوابەدوای مانگرتنی عەبدورەحمان بەربەری ، چالاکی سیاسیی کورد لە بەردەم دەفتەری پارلام لە شاری سلێمانی، ئەمڕۆ سێ‌شەممە رێکەوتی ١٨ی سەرماوەز، ٢٠ چالاکی سیاسی، رۆژنامەنووسی و هەروەها بنەماڵەی زیندانیانی سیاسیی کورد لە بەر دەم دەفتەری پەرلەمان هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی مانگرتووی زیندانی ورمێ کۆبوونەوە.

ئیقباڵ مورادی، باوکی زانیار مواردی، زیندانیی سیاسیی کورد لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا، هۆکاری بەشداری کردنی خۆی لە مانگرتنی بەردەم دەفتەری نوێنەرایەتیی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی، بۆ دەربڕینی پشتیوانی لە زیندانیانی ورمێ و ناڕەزایەتی دەربڕین بە پێشێلکاریی مافی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێ گەڕاندەوەو گوتی، بۆ ماوەیەکی نادیار لەبەردەم دەفتەری پارلمان مانگرتنمان راگەیاندووە.

باوکی ئەو زیندانییە سیاسییە داوا لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەروەها چالاکانی سیاسیی کورد بۆ پشتیوانیی زیاتر و بە میدیایی کردنی هەرچی زیاتری مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێ، بێنە بەردەم دەفتەری پەرلەمان و داکۆکی لە مافی زیندانیان بکەن.

زێنەب بایزیدی، زیندانیی سیاسیی پێشوو، کە بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێ، چۆتە بەردەم دەفتەری پەرلەمان، بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ لەکاتی هاتنە سەرکاری رۆحانییەوەو سەرەڕای ئەو هەموو بەڵێنیەی کە بە خەڵک درابوون، فشار بۆسەر چالانی کورد زیاتر بووەو فشار و ئەشکەنجەی زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێ زیندووترین بەڵگەی فشارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانە لەسەر خەڵک و چالاکانی سیاسیی کوردە.

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە دەشڵێت؛ سەرەڕای ئەوەیکە لەسەر داخوازییەکی رەوا کەوتوونەتە زیندان ئەمەش لە خۆیدا ناهەقییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کە راگرتنیان لە بەندێکی تایبەتیدا کەمترین مافی زیندانیانە، بەداخەوە لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە ئەو هەقەش بە زیندانیانی سیاسیی کورد بە رەوا نابیندرێ.

زێنەب بایزیدی، گوتیشی؛ \" داوام لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیە، کە بە هەر شێوەیەک بۆیان دەکرێ، پشتگیری لە زیندانیانی سیاسیی کورد بکەون، چونکە ئامانجی زیندانیانی سیاسی ئامانجێکی گشتییە بۆ خەڵکی کوردستان، هەر بۆیەش کەوتوونەتە زیندان و بەەروڕووی سەخت‌ترین فشار و زەختی دەسەڵاتدارانی ئیران بوونەتەوە\".

٢٨ کەس لە زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێ، ماوەی ٢٠ رۆژە لەو زیندانەدا مانیان لە خواردن گرتووەو لە کاتێکدا کە ١٠ کەسیان حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ براوەتەوە، لە رۆژانی رابردوودا لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتییەوە بۆ کۆتایی هێنان بە مانگرتنەکەیان، بەرەوڕووی هەڕەشەی لەسێدارەدان بوونەتەوە.

دوابەدوای دەستپێکی مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ، مەنسوور ئاروەند، کە یەکێک لە مانگرتوانی زیندانی ورمێ بوو، بە بیانووی ملاقات و چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسوکارەکەی لە بەندی زیندانیان بانگ کرابوویە دەرەوەو دەستبەجێ بۆ زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد راگوێزرابوو.

مستەفا داودی، شۆڕش ئەفشاری، عەلی ئەفشاری، جەعفەر ئەفشاری، حەبیب ئەفشاری، کەیهان دەروێشی، شێرکۆ حەسەن‌پوور، محەمەد عەبدوڵڵاهی، خزر رەسووڵی‌ڕاد، سامان نەسیم، سیروان نەژاوی، ئەمیر مەلادۆست، جەعفەر میرزایی، ئیبراهیم رەزاپوور، محەمەد عەبدولبەخت، عەبدوڵلا ئەسغەری، عەرەفات ئەسغەری، عەرەفات ئەسغەری، عەبدورەحامن سلێمان، سەید سامی حوسینی، عەبدوڵڵا مەحموودی، ئەحمەد تەمۆیی، بێهرووز ئاڵخانی، مستەفا رەحمان، یووسف کاکەمەمی، سەید جەماڵ محەمەدی، عەلیرەزا رەسووڵی و عوسمان مستەفاپوور ئەو زیندانییە سیاسییە کوردانەن، کە لە زیندانی ورمێ مانیان لە خواردن گرتووە.

ئا: ئارام حاجی‌پوور

\"23533.jpg\"

\"23532.jpg\"

\"23535.jpg\"

\"23534.jpg\"