سلێمانی/ پرۆژەی \"پوورنامە\" ماوەی ٤ مانگە مووچەی ٥٠٠ کرێکاری کورد و ئێرانی نەداوە

14:53 - 5 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: زیاتر لە ٥٠٠ کرێکاری کورد وئێرانی لە پرۆژەی ئاو و رێگەو بانی \"پوورنامە\"ی شاری سلێمانی، ماوەی چوار مانگە مووچەیان پێ نەدراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی یەکێک لە کرێکارانی پڕۆژەی ئاو و رێگەوبانی شاری سلێمانی، خاوەنکاری ئەو پرۆژەیە ماوەی چوار مانگە لە دانی مووچە و خزمەتگوزاری بە کرێکارانی ئەم شیرکەتە خۆ دەبوێرێت.

ئەو کرێکارە کوردە گوتیشی: \"هەر کرێکارێک کە سەبارەت بەو زوڵمەی خاوەن پرۆژەکان ناڕەزایەتی دەرببڕێت، دەستبەجێ لەسەر کار دەر دەکرێ، بۆیە هەتا ئێستا کرێکاران هیچ هەڵوێستێکیان بەرامبەر بە خاوەنکارەکان نەبووە\".

شیرکەتی \"پوورنامە\" تایبەت بە کاری ئاو و رێگەوبانە و دەکەوێتە گەڕەکی \"مامۆستایان\"ی شاری سلێمانی و دوو هاووڵاتیی تورکی ئێرانی بەناوەکانی \"مەهدی پوور و ئەمین\" خاوەنی ئەو پرۆژەیەن.

ئەو کرێکارە کوردە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، باسی لەوەش کرد، \"بەهۆی پرش و بڵاوی و نەبوونی یەکگرتووییەک لە نێوان کرێکارانی ئەو شیرکەتە، توانای بەڕێوە بردنی مانگرتنمان نییە، بۆیە خاوەن پرۆژەکانیش هیچ وەڵامێکی ئێمە نادەنەوە\".

ناوبراو گوتیشی : \"بەهۆی بێکارییەکی لەڕادەبەدەر کە لەوڵاتی ئێران هەیە، روومان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوە کە لە هەرێمی کوردستان یاسایەک نییە پشتیوانی لە خەڵکی بیانی بکات، خاوەنکارەکان بە ئاشکرا زوڵم لە ئێمە دەکەن\".

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، سەدان هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەهۆی نەبوونی هەلی کار، روویان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کردوە و بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە ماوەی ٧ مانگی رابردوودا ٨ کرێکاری کوردی خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەهۆی رووداوی جۆراوجۆرەوە لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەست داوە.