سزای لەسێدارەدانی لاوێکی کورد جێبەجێ کرا

14:39 - 6 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: گرتووخانەی ناوەندیی شاری کرماشان حوکمی لە سێدارەدانی هاووڵاتییەکی کوردی بەڕێوەبرد.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو ڕۆژ لەمەوبەر لاوێکی تەمەن ٢٩ ساڵە بەناوی فەرشید سەجادی‌ئەسڵ کوڕی عەزیم خەڵکی شاری کامیاران لە گرتووخانەی \" دیزل‌ئاباد\"ـی کرماشان ئێعدام کرا.

سزای لەسێدارەدانی ناوبراو بە تۆمەتی وەپاڵدراوی \"کوشتنی بە ئەنقەست\" بۆی بڕاوەتەوە.

فەرشید، ساڵی ٩٣ لە لایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە \"قەساسی نەفس\" سزا درا و پاش جێبەجێ بوونی، ڕۆژی ڕابردوو تەرمەکەی هێنراوەتەوە شاری کامیاران.

ناوبراو ماوەی ٢ ساڵ لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە ڕاگیراوە و لەم دواییانەدا بۆ دیزڵ ئاوای کرماشان گواسترابوویەوە.

هەر لە سەرەتای حەوتووی ڕابردووشدا، دوو هاووڵاتی کورد بەناوەکانی موحەمەدکەریم عەزیزپەنا و حەمیدڕەزا ڕیباز لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری کرماشان بە تۆمەتی قاچاخی ماددەی هۆشبەر لەسێدارە دران.