سزای بڕینەوەی قامکی زیندانییەک یەکلایی کرا

14:46 - 14 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: بەرزترین لێوەگەڕی دادوەریی(مرجع قضایی) حکوومەتی ئێران سزای بڕینەوەی قامکی دەستی هاووڵاتییەک لە گرتووخانەی شاری خۆی پشتڕاست کردەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، یەکێک لە لقەکانی دیوانی بەرزی وڵات سزای بڕینەوەی دەستی زیندانییەکی تۆمەتبار بە دزی پشت ڕاست کرد.

ئەم واژۆیە بۆ دۆسیەی زیندانییەک بەناوی مستەفا شاهی لە لقی ٣٢ی دیوانی بەرزی وڵات کراوە.

ناوبراو کە خەڵکی گوندی \"شوورکەهریز\"ـی سەربە \"خۆی\"ـە، ساڵی ٩٣ لە ورمێ دەستبەسەر و جۆزەردانی ٩٤ سزای بڕینەوەی قامکی لە دادگای سەرەتایی بۆ دەرچوو.

لەبارەی ئەم ڕاپۆرتەوە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەزاری خزمێکی ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٤١ ساڵە ڕایگەیاند: \"مستەفا هێشتا ئێژێ کە دزی کاری ئەو نەبووە و ئەوەی لەگەڵی بووە دزییەکەی کردووە و لە دانپێدانانەکاندا بەناچاری تاوانەکەیم وەئەستۆ گرتووە.\"

لە ماددەی ٢٠١ی یاسای سزادانی ئیسلامی لە ئێراندا، حەدی دزی یەکەمجار بڕینی ٤ قامکی دەستی ڕاستە و بۆ جاری دووهەم بڕینەوەی لاقی چەپی دزەکە و لە جاری سێهەمیش سزای زیندانی هەتاهەتایی دەبێ. تاوانبار لە ئەگەری چوارەم جار ئەوا لەسێدارە دەدرێت.

بەپێی ڕێسا نێودەوڵەتییەکان، سزای هۆڤانەی وەکوو بڕینەوەی دەست و لاق و قامچی، ڕاست وەک ئەشکەنجە هەژمار دەکرێ و قەدەغەیە.