٣٨٠ ساڵ زیندان بۆ ٥٥ کەس لە زیندانیانی رەجایی شاری کەرەج

17:08 - 4 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: ٥٥ کەس لە زیندانیانی کوردی سوننی مەزهەب لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج بە سەرۆکایەتی دادوەر \"محەمەد موقەیسه (ناصریان)\" بە ٣٨٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی رەجایی شاری کەرەجەوە، ئەو ٥٥ کەسە بە تاوانی ساختەی \"هەوڵدان دژی بەرژەوەندییەکانی نیزام\" لەرێگەی پڕوپاگەندە بۆ مەزهەبی سوونی\" ٣٨٠ ساڵ زیندانیی تەعزیرییان بۆ براوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند، هەنوو کە ٦ زیندانیی کورد بەناوەکانی \" حامید ئەحمەدی، کەماڵ مەولایی و سدیق محەممەدی، سەید هادی حوسێنی، جهانگیر و جەمشید دێهقانی(برا)\" بەمەبەستی ئێعدام کردن بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزڵحەسار راگوێزراون.

ئەو ٦ هاووڵاتییە کوردە ساڵی ١٣٨٨ لە شاری سنە دەستبەسەر کراون و لەلایەن قازی\"موقەیسە\"وە بە تۆمەتی پروپاگەندە بۆ مەزهەبی سوننی بە ئێعدام مەحکووم کراون.

لەلایەکی دیکەوە حوکمی ئێعدامی ٨ هاووڵاتیی کوردی سوننی مەزهەب بەناوەکانی \"شەهرام ئەحمەدی، پووریا محەممەدی، موختار رەحیمی، بەهمەن رەحیمی، محەممەد یاوەر رەحیمی، ئومید پەیوەند، فەرزاد شاەنەزری و محەممەد غەریبی\"، رەوانەی دیوانی بەرزی وڵاتی ئێران کراون.

ئەو سەرچاوەیە لە زیندانی رەجایی شاری کەرەجەوە ئاماژەی بەوەش کرد، هەنووکە ٧٧ زیندانیی کوردی سوونەی مەزهەب کە سەرجەمیان بۆ ماوەی ٢ هەتا ٤ ساڵە لەو زیندانەدا راگیراوان، چارەنووسیان ناڕوونە.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە هەنووکە ١٥٨ زیندانیی کوردی سوننی مەزهەب لەزیندانی رەجایی شاری کەرج راگیراون کە ٥٥ کەس بەزیندانیی تەعزیری و ٢٦ کەسیش بە ئێعدام مەحکووم کراون.
\"14201.jpg\"