٢٦ ساڵ بێ‌دەنگی لە هەمبەر کیمیابارانی شاری نۆدشەدا

15:18 - 26 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: شاری نۆدشە کە بە سێیەمین شاری بەرکەوتوویی چەکە کیمیاییەکانی لە ئاستی جیهاندا دادەندرێت، لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە فەرامۆشی سپێردراوە.

بەپێی راپپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ قوربانیان و بەرکەوتووانی کیمیابارانی شاری نۆدشە لە ئوستانی کرماشان، سەرەرای تێپەڕبوونی ٢٦ ساڵ لە بۆردومانی کیمیایی ئەو شارە، هەتا ئێستاش لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە هیچ گرینگی و بایەخێکیان پێ نادرێت.

سەرەڕای ئەوەکە شاری نۆدشە سێ جار کیمیاباران کراوە، بەڵام زۆر بە کەمی باس لە قوربانییان و پاشهاتەکانی ئەو رووداوە دەکرێت و تەنانەت \"بونیادی شەهید\" و \"کاروباری ئیسارگەران\" لە شاری پاوە و کرماشان لە دروست کردنی پەروەندەی پزیشکی بۆ برینداران و بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی خۆ دەبوێرن.

یەکێک لە هاووڵاتییانی شاری نۆدشە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ لە ماوەی ٢٦ ساڵی رابردوودا نزیک بە ١٠٠ هاووڵاتیی کورد بەهۆی بەرکەوتنی گازی (خەردەل) و (سارین)ـەوە گیانیان لەدەست داوە.

ئەو هاوولاتییە گوتیشی: رۆژی ٢٦ی مانگی رەشەمەی ساڵی ١٣٦٦ لە کاتی کیمیابارانی شاری نۆدشەدا دەستبەجێ ١٣ کەس گیانی خۆیان لەدەست دا، کە لەو نێوانەدا دوکتور مەحموود کەریمی کە تاقە دوکتوری شاری نۆدشە بوو، بەهۆی راگواستنی برینداران و بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی نەوسوود و پاوە، گیانی لەدەست دا.

\"18846.jpg\"
ئاسەوارەکانی گازی خەردەل
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان نزیک بە ٥٠٠ کەس لە شاری نۆدشە تووشی نەخۆشییەکانی پەیوەندیدار بە گازە کیمیاییەکانەوە بوون، کە لە هیچ ناوەندێکی حکوومەتیدا باسیان لێوە ناکرێت.

بەوتەی چالاکانی مەدەنیی شاری نۆدشە، تێمێک لە هەواڵنێرانی بیانی و چەندین تیم لە هەواڵنێرانی ناوخۆیی سەردانی شاری نۆدشەیان کرد، بەڵام بەهۆی ئەوەیکە ئەو رووداوە هاوکات بوو لەگەڵ تراژیدیای هەژێنەری هەڵەبجە، بەو شێوەیە دەنگدانەوەی نەبوو.

هەروەها لە ٢٦ ساڵی رابردوودا، هێرشی کیمیایی بۆ سەر شاری نۆدشە، هیچ دەنگدانەوەیەکی میدیای نەبووە و ناوەندە ئەمنییەکان رێگری لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسم و سمیناری تایبەت لە شاری نۆدشە دەکەن و تەنانەت وێنە و فیلمی ئەو کارەساتە لە هیچ شوێنێک نەبیدراوە و بە ئەنقەست ئەو کارەساتە لە میدیاکاندا بایکوتی خراوەتە سەر.

لە دوو سالی رابردوودا بە هەوڵ و ماندووبوونی چالاکانی فەرهەنگی، رۆژنامەنووسان و خوێندکارە کوردەکان، یادی قوربانیانیی کیمیاباران کردنی شاری هەڵەبجە بەرز راگیرا و بڕیارە ئەمرٶ دووشەممە بەو بۆنەیەوە رێوڕەسمێک لە شاری نۆدشە بەرێوە بچێت.

پێش ئەوەی شاری نۆدشە کیمیاباران بکرێت، شارەکانی هەڵەبجە و سەردەشت لەلایەن حکوومەتی بەعسی عێراقەوە بۆردومانی کیمیایی کران.

شاری نۆدشە لە رۆژەکانی ٢٦ی رەشەمەی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی و رۆژانی ٣ و ١٣ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی کیمیاباران کرا و دوو بنەماڵەی \"فەلاحی\" و \" یەعقووبی\" بەرەوڕووی زۆرترین خەساری گیانیی ئەو کیمیابارانە بوونەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە ٢ هەزار هاووڵاتیی مەدەنی بەهۆی چەکی کیمیاییەوە لە ئێران و لە ماوەی ٣٠ ساڵی رابردوودا گیانیان لەدەست داوە و ٣٠ هەزار بریندار و بەرکەوتووی چەکی کیمیایی لەو وڵاتەدا هەن، کە لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە پشتیوانی ناکرێن.

شاری نۆدشە لەو سەردەمەدا ٤ هەزار کەس حەشیمەتی هەبوو، کەلە ماوەی ٨ ساڵ شەڕی ئێران و عێراق‌دا زیاتر لە ٢ هەزار جار گولـلەباران و ١٢ جاریش لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە بۆردومان کراوە.

سەرگوڵ فەلاحی، دوکتور مەحموود کەریمی – ئەبووبەکر فەلاحی- تاهیر فەلاحی- محەمەد کەریم فەلاحی- فەرج فەلاحی- فایەق فەلاحی- ئەبووبەکر یەعقووبی- کەماڵ یەعقووبی- فارووق مونەوەر و جەعفەر شەوکەتی ناوی ژمارەیەک لەو کەسانەن کەلە کیمیاباران کردنی شاری نۆدشەدا گیانیان لەدەست دا.