ساڵی ١٤٠٠؛ ٤٤ غەیرەنیزامی لە کوردستان بوونە قوربانیی تەقینەوەی مین

12:17 - 6 خاکەلێوه 2722

ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا لە ڕاپۆرتێکی جیاکاری- ئاماری، بەرچاوترین پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران لە ساڵی ١٤٠٠ دەخاتە بەر باس.

لە چوارەمین ڕاپۆرتدا، ئاماری بەرکەوتووانی تەقینەوەی مین دەخرێتە ڕوو.

ئەو ئامارە بە پشتبەستن بە حاڵەتەکانی تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە و دەکرێت ئاماری ڕاستی زیاتر لەم ئامارە بێت.

لەو ماوەیەدا، ٤٤ غەیرەنیزامی بەهۆی تەقینەوەی مین لە شارەکانی کوردستان کوژراون و بریندار بوون (٩ کوژراو و ٣٥ بریندار).

خستنەبەرباسی زۆرترین حاڵەتەکانی غەیرەنیزامییەکان کە بوونەتە قوربانیی تەقینەوەی مین:

٤ کەس لەو کەسانە ژن بوون.

٧ کەس لەو کەسانە منداڵ و تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە، (١ کوژراو و ٦ بریندار) و کەمترین تەمەنی ٥ ساڵ و زۆرترین تەمەنیان ١٥ ساڵ بووە.

١٢ کەس لەوانە عەشایر بوون، ١٠ کۆڵبەر، ٩ کەس شوان، کرێکارێک و جووتیارێک.

١٥ کەس لە پارێزگای ئیلام بە تایبەت شارەکانی مێهران و دێهلوڕان، ١٢ کەس لە کرماشان بە تایبەت شارەکانی قەسری شیرین و سنووری نەوسوود، ١١ کەس لە سنە بە تایبەت سنووری بانە، ٥ کەس لە ورمێ بە تایبەت سەردەشت و کەسێک لە عەجەب‌شێر.

هەروەها ٣ کەس لە فەرمانبەرانی مینهەڵگرەوە لە ناوچەی شەرهانی دێهلوڕان بەهۆی تەقینەوەی مین کوژران و بریندار بوون (کوژراوێک و ٢ بریندار).

٢ کەس لە هێزە نیزامییەکان لە خاڵی سنووریی بانە و نەوسوود بریندار بوون.

زانیاریی ئەم ئامارە لەلایەن ڕێکخراوی کوردپا پارێزراوە و داواکەران دەتوانن بە داواکردنی لە کوردپا ئەو زانیارییانە وەربگرن.

ئامادەکردنی: ئەوین مستەفازادە