ساکار عەینی بە دانانی بارمتەی قورس لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا

10:57 - 22 رێبەندان 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی ڕێبەندان، ساکار عەینی، خەڵکی شاری مەهاباد پاش ١٣ مانگ ناڕوونی چارەنووسی بە دانانی بارمتەی قورس لە زیندانی ورمێ، ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتیی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کراوە.

شەوی سێشەممە ١١ی جۆزەردان، ساکار عەینی پاش نزیک ٥ مانگ لە دەسبەسەرکرانی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی جۆزەردان، تاقیکاریی کۆرۆنای ساکار عەینی، لە دابڕگەی زیندانی ورمێ، ئەرێنی دەرچووبوو.

ڕۆژی شەممە ۲۰ی بەفرانباری ٩٩، ساکار عەینی خەڵکی مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری تاران دەسبەسەر کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەیی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردە دەسبەسەرکراوەیان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کردبوو.

ساکار عەینی، دەرچووی بەشی شارسازی لە زانکۆی "ورمێـ"ـیە.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ساکار عەینی زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.