سامان یاسین، هونەرمەندی کورد بە ئێعدام مەحکووم کرا

16:02 - 18 سەرماوەز 2722

سامان یاسین (سەیدی)، هونەرمەندی کورد خەڵکی شاری کرماشان لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەڵەواتی" بە تۆمەتی "موحاربە" بە ئێعدام مەحکووم کرا.

 بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو حوکمە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بە سەر ئەو هونەرمەندەدا، سەپاوە و دۆسییەکەی ڕەوانەی دیوانی باڵای وڵات، کراوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی سەرماوەز، دایکی سامان یاسین بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک، ڕوو لە خەڵک و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، خوازیاری پشتیوانی لە کوڕەکەی و هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی سامان بووە و ڕایگەیاند: "کوڕەکەم مافی گرتنی پارێزەی لێ ئەستێندراوە و داوا لە خەڵک و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ دەکەم بە هانای کوڕەکەمەوە بێن، یارمەتیم بدەن، لە کوێی جیهان بینراوە بەهۆی ئاگردانی سەتڵی زبڵدان، گیانی ئازیزان بستێنن، کوڕەکەی من هونەرمەندە، کوڕی من ئاژاوەچی نییە."

ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی سەرماوەز، محەممەد ئیسماعیل‌بەیگی، پارێزەری دادگوستەری لە تویتێری خۆیدا، نووسیبووی کە بەهۆی نهێنی بوونی دۆسییەکەی، پێش بە گرتنی پارێزەر بۆ دۆسییەکەی سامان یاسین گیرا.

ئەو پارێزەرە هەروەها نووسیویەتی: "بۆ چەندەمین جار بۆ وەرگرتنی نامەی بریکاری لە سامان یاسین (سەیدی)، سەردانی زیندانم کرد کە بەبیانووی هەمیشەیی نهێنی بوونی دۆسییەکەی پێش بە گرتنی پارێزەر گیرا. بەداخەوە حوکمی سامان یاسین لە دادگای ئینقلاب دەرکراوە و بۆ پێداچوونەوەی دۆسییەکەی ڕەوانەی دیوانی باڵای وڵات کراوە و هەتا کاتێک ئەو حوکمە ڕەت نەکرێتەوە، ئەو بڕیارە لە شوێنی خۆیەتی."

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو هونەرمەندە تەمەن ٢٧ ساڵەیە، ڕۆژی شەممە ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە دادگای گشتی و ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەڵەواتی" لەگەڵ ٨ دەسبەسەرکراوی دیکە بە ناوەکانی "محەممەد قوبادلوو، مۆحسێن ڕەزازادە قەراقلوو، سەعید شیرازی، محەممەد برووغەنی، ئەبولفەزڵ مێهری، حوسێن حاجیلوو، مەنوچێهر مێهماننەواز و سۆهەیل خۆشدڵ"، بەڕێوە چووبوو.

"سامان یاسین" لەو دادگایەدا بە "موحاربە لە ڕێگای تەقەکردن بە دەمانچە و  چەکی ژ٣" و "کۆبوونەوە و تەبانی بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان لە دژی ئەمنییەتی میللی" تۆمەتبار کرا.

 ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی ئەو فیلمە کە لە دادگا بڵاو کراوەتەوە، سامان ڕوو لە دادوەر دەڵێت ئەو تەنیا "تفەنگ بادی" (چەکی چۆلەکەکوژ)"ی هەیە.

سامان یاسین لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەر، لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکان لە شاری تاران دەسبەسەر کرابوو.

"سامان یاسین" هونەرمەندی کرماشانی گۆرانی‌گەلێکی زۆری لەمەڕ دۆخی کۆمەڵایەتی - سیاسیی کۆمەڵگای کوردستان و ئێران وتووە و هەروەها پشتیوانی لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی خەڵکی ئێران کردبوو.