سامان نەسیم لە زیندان ئازاد نەکرا

14:43 - 10 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسی کورد لە گرتووخانەی ناوەندی شاری ورمێ، سەرەڕای تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی، هێشتا ئازاد نەکراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیتلاعاتی سپای پاسداران ڕێگری کردووە لە ئازاد کردنی سامان نەسیم، زیندانی سیاسی کورد لە گرتووخانەی شاری ورمێ کە سەرەڕای تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی؛ ئەمەش لەحاڵێکدایە کە ناوبراو ماوەی حوکمە بەسەردا سەپاوەکەی تەواو کردووە.

مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ ئاژانسی کوردپا بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ ڕایگەیاند: ئیتلاعاتی سپای پاسداران دۆسیەیەکی نوێی بۆ ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە دروست کردووە و ناوبراوی بە \"کوشتن و بریندار کردنی چوار کەس لە ئەندامانی سپای پاسداران\" تۆمەتبار کردووە.

ئیتلاعاتی سپا بە دروست کردنی ئەم دۆسیە نوێیە بەربەستی لە ڕێی ئازادکردنی ناوبراو ساز کردووە؛ ئەمەش لە حاڵێکدایە کە سامان نەسیم لە دادگایی پێداچوونەوی پارێزگای ورمێ لە تۆمەتی وەپاڵدراوی کوژرانی چوار ئەندامی سپای پاسداران بە بێ‌تاوان ناسرا.

بەفرانباری ساڵی ٩٦، عەزیز موژدەهی، پارێزەری ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە، ڕایگەیاند: سامان نەسیم لە تۆمەتی \"محاربە\" ڕزگاری بوو و بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی ئازادی ژیانی کوردستان بە پێنج ساڵ زیندانی مەحکووم کرا ؛ ئەو حوکمەش ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕێبەندان، لە ڕێگای نووسینگەی بەڕێوەبەریی تاوانەکانی زیندانی ورمێ بەو زیندانییە سیاسییە کوردە ڕاگەیەندرا.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لە پەیوەندیی لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە ڕایگەیاند: \"سامان نەسیم لە کاتی دەسبەسەریدا، تەمەنی لە ژێر ١٨ ساڵ بووە و دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ ناوبراو پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ بەتایبەتی کۆنوانسیۆنی مافی منداڵانە کە ئێرانیش یەکێک لەو وڵاتانەیە کە دەبێت پێبەند بێت و ڕێز لەو یاسا نێونەتەوەییە بگرێت.

سامان نەسیم ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی، لە شاری مەریوان لەدایک بووە، مانگی پووشپەڕی ساڵی ٩٠ و لە کاتێکدا تەنیا ١٧ ساڵ تەمەنی بوو، لە ئەنجامی تێکهەڵچوونێکی چەکداریی لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە سنووری سەردەشت دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٢ مانگ لە ژووری تاکەکەسیی حیفازەت ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ لەژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوەدا بوو، کە دواتریش بۆ زیندانی مەهاباد گوازرایەوە.

ناوبراو لە کۆتاییدا بە تۆمەتی \"شەڕ لەگەڵ خودا\" و \"ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردیدا\"، لە لایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە ئێعدام مەحکووم کرا و ئەو حوکمەش لە لایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٢ی هەتاوی، لە لقی ٣٢ی دیوانی باڵای وڵاتەوە وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.