سامان نەسیم بردرایە پزیشکی یاسایی ورمێ

14:54 - 22 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتیی ئیسلامیی ئێران، ژماردنی وەک ڕێکاری تێگەیشتنی ئاوەزیانە(بلوغ عقلی)ی زیندانییەکی کورد بەکار هێناوە.

بە پێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ناوەڕاستی مانگی ڕێبەنداندا، پزیشکی یاسایی شاری ورمێ هەڵسەنگاندنی بۆ تەمەنی ئاوەزیانەی سامان نەسیم، زیندانیی سیاسی کورد ئەنجامداوە.

لەو کردەوە نەباڵەی پزیشکانی جێ بڕوای دەزگای قەزایی ئێراندا، چەندین پرسیار لەو زیندانییە کراون کە پێوەندیان بە ژماردن و ناوی ڕۆژەکانی حەوتووە هەبووە.

ئەنجامدانی ئەو کارە بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی تێگەیشتنی ئاوەزیانەی سامان نەسیم \"لە کاتی ئەنجامدانی تاوان\" بووە کە تەمەنی ١٧ ساڵ بووە.

تەمەنی ئاوەزیانە، تەمەنێکە کە گەشەی ئاوەزمەندانەی تاک پیشان دەدات و پێوەندی بە فاکتورگەلێکی وەک خۆراک، دەرووبەر، پەروەردە و بارهێنانی بنەماڵە هەیە.

سەبارەت بەو هەواڵە دەوترێت کە بڕیار بوو ئەمڕۆش سامان نەسیم بۆ ئەنجامدانی هەمان کار بگوازرێتەوە بۆ پزیشکی یاسایی شاری سەڵماس کە بە هۆکاری پشوو، سەری نەگرتووە.

بڕیاری ئەنجامدانی ئەو کارەی پزیشکی یاسایی، بە پێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، لەلایەن لقی ١٢ی دادگای کەیفەری ورمێ دەرچووە.

سامان نەسیم کە ٢٦ی پووشپەڕی ١٣٩٠ لە سنووری سەردەشت دەستبەسەر کراوە، تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسدارانی دراوەتە پاڵ و دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێرانیش بە بیانووی ئەوەیکە قەساس لە سزای کەیفەری جیاوازە، دەیانهەوێت لەسێدارەی بدەن.

ڕێكخراوی لێبووردنی نێونەتەویی ماوەیەک لەمەوپێش ڕایگەیاند، کە بەدەیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ لە ئێراندا چاوەڕێی سزای ئیعدامن.

ئەمساڵ هەر ئەم ڕێکخراوە، سامان نەسیمی لەناو كەمپێینی ساڵانەی مافی مرۆڤی خۆی بۆ ئازادی لە زیندان داناوە.

لەساڵی ٢٠١٤دا لانیکەم ١٣ حاڵەتی لەسێدارەدانی ژێر ١٨ ساڵ لەئێران جێبەجێ کراوە.

لينكی پێوەندیدار:
سامان نەسیم لە گەورەترین كەمپێینی ساڵی لێبۆردنی نێونەتەویی‏دا جێی گرت
لێبوردنی نێودەوڵەتی خوازیاری دادگایەکی دادپەروەرانە بۆ\" سامان نەسیم\"ـە