سامان تەهماسبی وەکوو یەکەمین زۆرانبازی جیهان هەڵبژێردرا

15:20 - 16 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: وەرزشوانێکی کورد، کە بە یەکێک لە باشترین وەرزشوانانی (زۆران‌بازی\"کوشتی\") جیهان بە ئەژمار دێت، پلەی یەکەمی لە ئاستی جیهاندا بەدەست هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سامان تەهماسبی تەمەن ٢٩ ساڵ لەلایەن فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی کوشتی (فیلا)وە، وەکوو باشترین زۆران‌بازی جیهان بۆ سالی ٢٠١٣ی زایینی هەڵبژێردرا.

\"19179.jpg\"
سامان تەهماسبی، زۆرترین سەرکەوتنی لە یارییە جیهانییەکاندا بەدەست هێناوە
ئەو زۆرانبازە کوردە و ئەندامی تیمی میللیی ئازەربایجان بە بەشداری کردن لە رکابەریی گەورەساڵانی جیهان لە بوداپێستی مەجارستان، جامی گەورەی ئازەربایجان، رکابەریی پاڵەوانیەتیی ئەورووپا و چەندین رکابەریی دیکەی جیهان‌دا ١٨ ئیمتیاز بەدەست هێناوە.

پێشتریش عەبدوڵڵا چەمەن‌گوڵی لەلایەن فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی زۆران(فیلا)وە، وەکوو باشترین راهێنەری ساڵی ٢٠١٢ی جیهان دەستنیشان کرا.

سامان تەهماسبی، کە خەڵكی شاری سنەیە، هەتا ئێستا ٢ میداڵی برۆنز، ١ میداڵی نوقرەی جیهان، ١ میداڵی زێڕی ئاسیا و خەڵاتی گەورەی باکۆی مسۆگەر کردووەو زۆرترین سەرکەوتنی لە یارییە جیهانییەکاندا بەدەست هێناوە.

\"19180.jpg\"
هەروەها ماڵپەڕی \"هەوڵە وەرزشییەکانی کوردستان\" بڵاوی کردۆتەوە، سەباح شەریعەتی یەکێکی دیکە لە زۆرانبازەکانی کوردستان پلەی پانزدەیەمی زنکینگی فیلای مسۆگەر کردووە.

سامان تەهماسبی، باشترین زۆران‌بازی جیهان پێشتر لە لێدوانێکدا بۆ هەواڵدەریی ئیسنا، هۆکاری نیشتەجێ بوونی ناچاریی خۆی لە وڵاتی ئازەربایجان بەو شێوەیە باس کردبوو: دوابەدوای ئۆلەمپیکی پێکەنی چین نەشتەرگەریم بۆ لاقم ئەنجام دا و پاش ئەوە هیچ هەواڵێکیان لێ نەپرسیم، بۆ تیمی میللیش بانگهێشت نەدەکرام، لەلایەکی دیکەوە زۆر دەستەنگ بووم. سەردانی چەندین ئیدارەی وەکوو تەربیەت بەدەنیم کرد، بەڵام تەنانەت کارێکی بچووکیشیان پێ نەدام. بنەماڵەکەشم لە چینی کەم داهات بوون. لەم دۆخەدا بەبێ داهاتێکی ماڵی ژیان کردن زۆر ئەستەم دەبێت. هەر بەم هۆیەوە بەناچاری رووم لە وڵاتی ئازەربایجان کرد.