زەینەب وەک زیندانیی ساڵ بۆ کەمپینی مافی مرۆڤ هەڵبژێرا

14:58 - 17 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: ناوەندێکی نێونەتەوەیی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ، کەمپینی ڕاگرتنی پێشێلکرانی مافی ١٢ زیندانیی سیاسی لە سەراسەری جیهان ڕاگەیاند.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، زەینەب جەلالیان، لە چالاکانی سیاسیی کوردی وەکوو زیندانیی ساڵ هەڵبژارد.

هەڵبژێرانی ئەو ژنە ٣٤ ساڵانە، تەنیا نوێنەرە لەنێو زیندانیانی سیاسیی ئێران، لە بەرەبەرەی دەی دێسامبر(٢٠ی سەرماوەز) ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤدا.

ئەندامان و لایەنگرانی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە سەراسەری جیهان بە میلیۆنان نامە بۆ ڕاگرتنی پێشێلکرانی مافی سەرەتایی ئەو زیندانییە کوردە دەنووسن.

هاوکات لەگەڵ کەمپینی زەینەب جەلالیان، یازدە چالاکی دیکە لە سەراسەری جیهان وەک زیندانیی ساڵ ناسێندراون.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم ساڵدا بەیاننامەیەکی ڕوو لە دەسەڵاتی ئێران دەرکرد کە تێدا؛ داوای ئازادکردنی بەپەلەی زەینەب جەلالیانیان کردبوو.

ماڵپەڕی \" عدالت برای ایران\" ڕاپۆرتی داوە کە؛ بێجگە لە زەینەب، ئێدوارد ئێسنۆدن و شووکان وێنەگری میسری لەنێو کەمپینی ئەو ساڵی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەییدا هەن.

زەینەب جەلالیان خەڵکی ماکۆیە و لە ڕەشەممەی ساڵی ٨٦دا، لە جادەی نێوان شاری كرماشان بۆ سنە، لە خاڵی پشكنینی قازانچی لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەكانەوە دەستبەسەر و دواتر بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگوێزرا.

ئەو زیندانیە سیاسییە ساڵی١٣٩٠ حوكمی لەسێدارەدانەكەی هەڵوەشایەوە و لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە بە زیندانی هەتاهەتایی حوكم درا، و ئەو ژنە سیاسییە دوو ساڵ و نیو لە گرتنگەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتی كرماشان و پێنج ساڵیشی لە دیزڵ ئاباد تێپەڕ كردووە.

زەینەب جەلالیان بە تاوانی ئەندامیەتی و هاوكاری لەگەڵ یەكێك لە حیزبە كورییەكانی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومەتی ئێران بە \" محارب\" ناسراوە و ئەو چالاكە سیاسییە سەرماوەزی ٩٣ بۆ زیندانی \"خۆی\" راگوێزراوە.