زەینەب سکانوەند لە زیندانی ورمێ ئێعدام کرا

15:22 - 10 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: حوکمی لەسێدارەدانی سێ زیندانیی کورد کە یەکیان ژنە، لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ جێبەجێ کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ١٠ی ڕەزبەر، حوکمی ئێعدامی سێ زیندانیی، بە ناوەکانی \"سەلمان خان‌عەلیلو، زەینەب سکانوەند و حەسەن حاجیلوو\"، لە زیندانی ورمێ جێبەجێ کرا.

دوو زیندانیی دیکە بە ناوەکانی \"مووسا نەعێمانی و چەنگیز ئێرانی\" بۆ جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانیان، بۆ ژووری تاکەکەسیی گوازرابوونەوە کە بە دانی موڵەت بۆ وەرگرتنی ڕەزایەت لە بنەماڵەی کوژراوەکان بۆ بەندەکانیان گەڕێندرانەوە.

ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕەزبەر، زەینەب سکانوەند لە بەندی ژنان و چوار زیندانیی دیکە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لە بەندەکانی دیکە زیندانی ورمێ بۆ جێبەجێبوونی حوکمەکەیان، بۆ ژووری تاکەکەسیی گوازرانەوە.

هەتا ئێستا لەسێدارەدرانی ئەم سێ زیندانییە، لە لایەن لایەنە فەرمییەکان و ڕاگەیەندنە نێوخۆیییەکان پشتڕاست نەکراوەتەوە.