زەینەب جەلالیان و ٩ کەس لە هاوبەندییەکانی دەستیان داوەتە مانگرتن

15:15 - 10 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: زەینەب جەلالیان، لەگەڵ ٩ کەسی دیکە لە زیندانییانی دیکەی زیندانی شاری خۆی مانیان لە خواردن گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی \"دادپەروەری بۆ ئێران\"، زەینەب جەلالیان، تەنیا ژنە زیندانیی سیاسیی کوردە، کە بە زیندانی هەتاهەتایی مەحکووم کراوە، ناوبراو لەگەڵ ٩ کەس لە زیندانییانی دیکە، لە هەمبەر بێبەریکردنی لە چاوپێکەوتنی حەتووانە و پێشگرتن لە ئیمکاناتی سەرەتاییی زیندان، لە ڕۆژی دووشەممە ٧ی گەلاوێژ، لە زیندانی شاری خۆی مانیان لە خواردن گرتووە.

ئەم زیندانییە بە ناردنی نامەیەک بۆ بەرپرسانی زیندان ڕایگەیاندووە، کە هەتا کاتی لانەبردنی ئەم بێبەرییە، درێژە بە مانگرتنەکەی خۆی دەدات.

پێشتر و لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٥ی هەتاوی، زەینەب جەلالیان بە هۆی بەربەست دروستکردنی بەرپرسانی زیندان بۆ ناوبراو، لەمەڕ دەستپێرانەگەیشتنی بە چاوەدێریی پزیشکی و دانی ڕاپۆرتی حکوومەتی ئێران لەسەر بارودۆخی دەرمانیی ناوبراو، بە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، بەپێچەوانەی ڕاستییەکان، لە بواری بەکارهێنانی دەوا و دەرمان دەستی دابووە مانگرتن.

زەینەب جەلالیان ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی، لە شارستانی ماکۆ سەر بە پارێزگای ورمێ لە دایک بووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە، ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی، لە کرماشان لە لایەن هێزەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەسبەسەر و پاشان لە سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، بە تۆمەتی موحاربە و ئەندامەتی و هاوكاریی لەگەڵ یەكێك لە حیزبە كوردییەكانی ئۆپوزسیۆنی حکوومەتی ئێران، بە ئێعدام مەحکووم کرا و دواتر بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.