زەوی تەرخان کراو بۆ زانکۆی پەیام‌نووری شاری شنۆ، دەکرێتە زیندان

20:44 - 10 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: گۆرانکاریی پلانی بەخشداریی شاری شنۆ لەمەڕ دروستکردنی بینای زیندانێک لە بری دروستکردنی پیمانگەیەکی کشتوکاڵی، دانێشتوانی یەکێک لە گوندەکانی سەربەو شارە ناڕەزایەتیی خۆیان بەو هەڵوێستە دەربڕی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەخشداریی شاری شنۆ لە کاتێکدا پارچە زەوییەکی کشتوکاڵی بۆ دروست کردنی زیندان تەرخان کردووە، کە بریار بوو ئەو شوێنە بینای پەیمانگەیەکی لی دروست بکرێت.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری شنۆوە رایگەیاند؛ لە ماوەی رۆژانی رابردوودا دانیشتوانی گوندی عەلیاوا ئاگادار کراونەتەوە، کە ئەو زەوییە کشتوکاڵییەی بۆ دروست کردنی زانکۆ تەرخان کرابوو، لە جێگەیدا بینای زیندانێک دروست دەکرێت.

ئەم هەڵوێستەی بەخشداریی شاری شنۆ ناڕەزایەتیی دانێشتوانی گوندی عەلیاوای بەدواوە بووە و بە وتەی کەسانی ئاگادار، دانیشتوانی گوندەکە هۆشدارییان داوە، کە بە هیچ شێوەیەک ئیزنی ئەوە نادەن، کە ئەو زەوییە کشتوکاڵییە زیندانی لێ دروست بکرێت.

سەرچاوەکە باس لەوەش دەکات، ئەو زەوییە پێشتر بۆ دروست کردنی پەیمانگەی کشتوکاڵی، گوڵخانە و دروست کردنی ناوەندێکی توێژینەوەیی بۆ زانکۆی پەیام‌نوور تەرخان کرابوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گوندی عەلیاوای شاری شنۆوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ گۆڕانکاری لە پلانی بەخشداری‌دا‌بە پێچەوانەی بەڵێنیی بەرپرسانە کە بڕیاربوو ٣ هێکتار و نیو لە باشترین زەوییەکانی سەر رێگەی نەغەدە – شنۆ، زانکۆ و شوێنی پەروەردەی تێدا دروست بکرێت.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا باسی لەوەش کرد، بەرپرسانی بەخشداریی شاری شنۆ گوتوویانە، کە تەنانەت لەگەڵ ئەو ناڕەزایەتی و دژایەتییەی ئێوەش، بڕیاری دروست کردنی ئەو زیندانە لە جێی خۆیدا دەمێنیتەوە و زیندانەکەش دروست دەکرێت.\"

ئەو بڕیارەی بەخشداریی شاری شنۆ لە کاتێک دایە کە پێشتر ئیدارەی شارسازی شاری شنۆ رەزامەندیی خۆی لەگەڵ دروست کردنی بینای پەیمانگەی کشتوکاڵی دەربڕیبوو.

زانکۆی پەیام‌نووری شاری شنۆ، کە ساڵی ١٣٨٤ دامەزراوە و شوێنی یەکەمی ئەو زانکۆیەش ساڵۆنی کۆبوونەوەکانی موخابەراتی ئەو شارە بوو، کە دواتر بۆ بینای دوخانیات گوازرایەوە.

هەروەها بە وتەی خوێندکارانی زانکۆی پەیام‌نووری شاری شنۆ ئەو شوێنەی کە بۆ زانکۆ تەرخان کرابوو، \"گەڕەکی باخاتی گێلاس\" بوو، کە لەگەڵ ناڕەزایەتیی ناوەندە حکوومەتییەکانی وەکوو شارەوانی بەڕوڕوو بوویەوە و لەئەنجامدا مۆڵەتەکەی هەڵوەشێندرایەوە.

هەنووکە زیاتر لە ٢٠٠٠ خوێندکار لە زانکۆی پەیام‌نووری شاری شنۆ سەرقاڵی خوێندنن، کە بودجەی گشتیی ئەو زانکۆیە بۆ بەشەکانی ماڵی، فەرهەنگی، پەروەردە و توێژنیەوە، سەرجەم ١٥٠ ملیۆن تمەنە.